سەردێڕ:

شێوازی وەرگرتنی ئەمساڵی خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-09-15

10833 جار خوێندراوەتەوە

بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، داوایان ئاڕاستەی وەزارەت کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ نرخی خوێندنی پارالێل بۆ قوتابیان کەمبکرێتەوە و دەشڵێت، "شێوازی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەک ساڵی رابردوو لەڕێگای زانکۆلاینەوە دەبێت."

گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، "ئێمە وەک لیژنەی پەروەردە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانیستیمان کردووە و داواکارییەکانی خۆمان ئاڕاستەی وەزارەت کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی ئەمساڵ نرخی خوێندنی پارالێل کەمبکرێتەوە بۆ قوتابیان".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لیژنەکەیان ھەوڵەکانیان چڕکردووتەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن، بەتایبەتی کۆرسی خوێندن لە کۆلیژە پزیشکی و زانستییەکان زیاد بکرێن، ئەویش بەھۆی دەرچوونی ژمارەیەکی زۆر قوتابی و بە دەستھێنانی نمرەی بەرز".

ئەوەشى خستووەتەڕوو، "شێوازی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەک ساڵی رابردوو دەبێت لە رێگەی زانکۆلاینەوە، بەڵام بۆ ھەندێ کۆلێژ سیستمی کریدیت بەکاردێت، ھەموو ھەوڵێکیش بۆ سەرخستنی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەدەین".

ئەوەش دوایی ئەوە دێت، ساڵانە بە ھەزاران قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە حکومەت وەردەگیرێن و بەھۆی جێبەجێکردنی سیستمی پارالێل لە بەرامبەر وەرگرتنی قوتابی پارە وەردەگیرێت.