سەردێڕ:

سەعدى پیرە: هەرێم لە هیچ دۆسیەیەکدا سەرکەوتوو نەبووە

فۆتۆ: 
2020-09-14

7551 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى رایگەیاند، هەرێم لە هیچ دۆسیەیەکدا سەرکەوتوو نەبووە، لەوانەش ئیدارەدانى دۆسیەکانی ئەمنیی و ئابوریی و تەندروستی و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا.

سەعدى پیرە ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە بەرنامەى تاوتوێى ئێن ئاڕ تى باسى لەوەکرد، دەبێت هەرێمى کوردستان پێداچوونەوە بەرێککەوتنە نەوتییەکاندا بکات و لەرێى بەغداوە دۆسییەى نەوت ئیدارە بدرێت وتیشى، ناکرێت چارەسەرنەکردنى کێشەکانى هەرێم بخرێتە ئەستۆى وڵاتانى دراوسێ.

هاوکات لەبارەى داخستنى نوسینگەکانى ئێن ئاڕ تییەوە سەعدى پیرە ئاماژەى بەوەکرد، داخستنى نوسینگەکانى ئێن ئاڕ تی کارێکى خراپە و بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت و بە داخستنى ئەو کەناڵە کێشەکان چارەسەر نابن، وتیشى باسکردنى کەم و کوڕییەکان لەلایەن ئێن ئاڕ تییەوە عەیب نییە، بەڵکو هۆکارى دروستبوونى ئەو کەم و کوڕییانە عەیبەیە.

ئەو وتانەى سەعدى پیرە لەکاتێکدایە، ماوەی ٢٤ رۆژە نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک داخراوە و بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، تا ئێستا هیچ داوایەکی یاسایی لەسەر ئێن ئاڕ تی لە دادگاکانی هەولێر بوونی نییە.