سەردێڕ:

گواستنەوەى هەرێم لەبارەى دەستپێکردنەوەى گەشتەکانەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-09-14

9906 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى گواستنەوەى هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا گەشتەکان لەگەڵ زۆرێک وڵاتاندا بە تەواوی ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام بە چەند مەرج و رێکارێک رێگە بە ھاتوچۆ لەنێوان عێراق و ئێران و تورکیادا دەدرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا گەشتەکان بەرووى زۆرێک وڵاتاندا ئاسایی نەبووەتەوە، تەنها کۆمەڵێک وڵاتی دیاریکراو هەن کە بە مەرجى جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزى لە کۆرۆنا لە کاتى گەشتکردندا رێگەیان پێدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا گەشتەکان بۆ وڵاتانى ئێران و تورکیا تارادەیەک رێگەپێدراون، ھاتوچۆ لەگەڵ تورکیا تەنیا لە رێگاى ئۆتۆمبێلەوە دەبێت و ئێرانیش تەنیا بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێشتا بە تەواوی گەشتکردن لە عێراق و جیهاندا ئاسایی نەبووەتەوە، چونکە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە رێگر لەبەردەم دەستپێکردنەوەى گەشتەکان لە وڵاتانى جیهاندا بە گشتی.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق بڕیاریدا، بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەشتە ئاسمانییەکان رابگرێت و دواتر لە سەرەتایی مانگی ئابدا، فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم دەستیان بەگەشتەکانیان کردەوە.