سەردێڕ:

مژدە مەحمود: لە هەرێم هەموو مانگێک یەک ملیار دۆلار دیارنامێنێت و دەسەڵاتیش موچە نادات

فۆتۆ: 
2020-09-14

12163 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کورستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، لە ئێستادا لە هەرێم هەموو مانگێک یەک ملیار دۆلار دیارنامێنێت و دەسەڵات دابەشی ناکات و موچەش نادات.

مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کورستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، "ئێستا بە دوو مانگ جارێک %٧٩ موچە دەدەن، کە دەکاتە ٦٤٠ ملیار دینار بۆ دوو مانگ، واتە مانگانە حکومەتی هەرێم ٣٢٠ ملیار دینار دەداتە موچە، لە کاتێکدا تەنها بەغداد مانگانە ٣٢٠ ملیار دەنێرێت."

باسی لەوەشکردووە، "ئەی پارەی نەوت کوا؟ کە مانگانە هەرێم بایی سەروو ٦٠٠ ملیار دەفرۆشێت، پارەی داهاتی ناوخۆ کوا کە مانگانە سەروو ٣٠٠ ملیار دینارە؟."

مژدە مەحمود دەشڵێت، "واتە لە ئێستادا لە هەرێم، هەموو مانگێک یەک ملیار دۆلار دیار نامێنێت و دەسەڵات دابەشی ناکات و موچەی خەڵکیش نادات."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەئێستادا فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی ئەیلوولدان و هێشتا موچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە، بەغداش مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، سەرەڕای ئەو پارەیەی بەغدا و داهاتی ناوخۆش، هێشتا حکومەتی هەرێم موچەی هەریەک لە مانگەکانی شوبات و ئازاری بە لێبڕینی ٪٢١ەوە دابەشکردووە و بۆ فەرمانبەران و موچەخۆرانیش روون نییە، کە ئایا تا کەی لێبڕینی موچە بەردەوامدەبێت.