سەردێڕ:

لەبارەی خوێندنی پەیمانگا و سەنتەرە تایبەتییەکانەوە بڕیاردرا

فۆتۆ: 
2020-09-14

9605 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، بۆ خوێندنی قوتابیانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانی بڕیاردراوە خوێندن بە شێوەی تەناوب بێت و هەر پۆلێک پێنج بۆ هەشت قوتابی تێدابێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە میدیاكانی راگەیاند، خوێندن لە پەیمانگەی نابیستان بەشێوەی تەناوب دەبێت و بەدوو وەجبە و نابێت بەریەكەوتنیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت و هیچ پۆلێكیش پێنج بۆ هەشت قوتابی زیاتر تێدا نابێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، خوێندن لە پەیمانگەی روناكی نابینایان لە پۆلی یەك تا پۆلی شەش لە نێو پۆل دەبێت و بەشێوەی تەناوب و بە دوو وەجبە دەبێت و هیچ بەركەوتنێک لە نێوانیاندا نابێت، دەشڵێت، هەر پۆلێک پێنج بۆ هەشت قوتابی لە خۆدەگرێت، هاوکات قوتابیانی پۆلی 'حەوت و هەشت و نۆ' دەوام ناكەن و وانەكانیان بەشێوەی ئەلكترۆنی دەخوێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ قوتابیانی پەیمانگای هانا نابێت هیچ هۆڵێک هەشت قوتابی زیاتری تێدا بێت و دەوام بەشێوەی تەناوب بە دوو وەجبە دەبێت.

هاوکات، پەروەردە و راهێنان بە تەواوی لە پەیمانگەی ئاوات بۆ پەروەردەی مێشك ڕادەگیرێت و بۆ سەنتەرەكانی ئۆتیزم دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەپێی هەلومەرج كە دەوام بكرێت یان رابگیرێت.

لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا خوێندنی پۆلەکانی یەک و دووی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی لە هۆڵەکانی خوێندندابێت و پۆلەکانی سێ تا ١١ی ئامادەیی لە رێگەی ئەلکترۆنییەوە بێت.