سەردێڕ:

هەڵوێستی وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان لەبارەی هێرشکردنە سەر پزیشکێکی هەولێر ​

فۆتۆ: 
2020-09-13

5296 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی هێرشکردنە سەر پزیشکێک لە هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵن و داوادەکەن لە دەستگیرکردنی تاوانبارەکاندا پەلەبکرێت، لای خۆشییەوە ، سەندیکای پزیشکانیش دەڵێت، دەبێت پارێزگاری و ئەمنیەتی نەخۆشخانەکان توندوتۆڵتر بکرێن و رێگەنەدرێت حاڵەتی وادووبارە بکرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی رووداوی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر لەلایەن چەند کەسێکی خانەوادەی نەخۆشێک و هێرشی ناڕەوا و نابەجێی سەر پزیشکێکی نیشتەجێ و کارمەندانی نەخۆشخانەکە لەکاتی ئەرکی پیرۆزی مرۆڤدۆستانە و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و قسەی نەشیاو بە پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەران و تا رادەی لێدان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزیری تەندروستی لەگەڵ وەزیری ناوەخۆ و لایەنی پەیوەندار لەسەر هێڵ و پەیوەندیدایە و داوای پەلەی کرد بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تاوانبارانی ئەم رووداوە و رەوانەکردنیان بۆ دادگا و سزادانیان و لێکوڵینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانە.

لەوبارەیەوە، سەندیکای پزیشکانی هەرێم لقی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، زۆر بەتوندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر پزیشکێکی گەنج (پزیشکی نیشتەجێی خولاو) دەکەین، کە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکی فەرمییدا و له ناو توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە لەلایەن کەسوکاری نەخۆشەکانەوە هێرشکراوەتە سەر ئەو پزیشکە گەنجە.

ئەوەش هاتووە، "ئێمە لە سەندیکای پزیشکانی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین و داوای رێکاری زۆر بەپەلە دەکەین بۆ سزادانی کەسانی هێرشبەر، سەندیکای پزیشکان بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت ئەو کەیسە بگرێتە ئەستۆ و مافی پزیشکەکە بسەنێتەوە."

هاوکات، چەند داواکارییەکیشیان خستەڕوو:

١. لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر هەموو کەسانی هێرشبەر دەستگیر بکرێن و روبەڕوی یاسا بکرێنەوە.

٢. قەرەبووی معنوی و مادی پزیشکەکە بکرێتەوە.

٣. پارێزگاری و ئەمنیەتی نەخۆشخانەکان توندوتۆڵتر بکرێن و رێگەنەدرێت حاڵەتی وا دووبارە بکرێتەوە.

٤. لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لەگەڵ ئەو هێزەی پارێزگاری لە نەخۆشخانە دەکات، دەپرسین ئاخۆ چۆن دەکرێت لە هەبوونی هێزی ئەمنی لەناو نەخۆشخانە هێرش بکرێتە سەر پزیشک.

٥. پەرلەمانی کوردستان هەرچی زووە کاربکات بۆ دەرچواندنی یاسای "پارێزگاری کردن لە پزیشکان" وەک چۆن لە کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتدا هاتووه.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر پزیشکێک لە کاتی ئەرکدا لەلایەن کەسوکاری نەخۆشێکەوە هێرشی کرایەسەر و ئەوەش نیگەرانی پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی لێکەوتەوە و داوایانکرد، بەزووترین کات ئەو کەسانەی هێرشیانکردووەتە سەر پزیشکەکە دەستگیربکرێن.