سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: تۆڕێکی قاچاخچێتی دەستگیرکراوە

فۆتۆ: 
2020-09-13

53930 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ توانیویانە تۆڕێکی قاچاخچێتی و تەزویر ئاشکرابکەن، کە سەدان ملیۆن دینار تەزویریان کردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مەرز و دەروازەكان و لە پێناو رێگریکردن لە كەسانی ساختەکار، كە گوێ نادەنە بەرژەوەندی گشتی و خەریكی تەزویر و یاسا شكاندن و قاچاخچێتین، توانرا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و بەڕێوەبەرایەتی گومرگی سلێمانی تۆڕێكی قاچاخچێتی و تەزویر ئاشكرابكرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کەسانە بایی سەدان ملیۆن دینار تەزویریان كردووە و زیانیان بە دارایی گشتی گەیاندووە.

باس لەوەشکراوە، بۆ ئەو مەبەستەش، لە ئێستادا هەماهەنگی تەواو لە نێوان  دادگا و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشکنینی دارایی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوری و داواكاری گشتی هەیە بۆ کارکردن لەسەر ئەم دۆسیەیە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست.

ماوەی چەند مانگێکە، لەلایەن چەندین پەرلەمانتارەوە باس لەوەدەکرێت، لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمەوە کاری نایاسایی دەکرێت و رێکارەکانی حکومەتیش لەوبارەوە لاوازن.