سەردێڕ:

قائیمقامی ئامێدی: نۆ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لە شیلادزێ تەرخانکراوە

فۆتۆ: 
2020-09-13

1175 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی ئامێدی رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی نۆ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لە شیلادزێ داوە.

ئیسماعیل مستەفا قایمقامی ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، "دانانی بەردی بناغە بۆ نەخۆشخانەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدیی بە گوژمەی ٥٣ ملیار دینار کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوانیش وەک ئیدارەی ناوچەکە ژمارەیەک داواکاریمان پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی هەرێم کردووە، لەوانەش داواکاریی دانیشتوانی ناحیەی شیلادزێ کە لە ژمارەیەک پڕۆژەی جۆراوجۆر پێک ھاتووە."

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەھۆی ھەبوونی کێشەی ئەمنی و ئاوەداننەبوونەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی گوندەکانی ناوچەکە، خەڵکێکی زۆری سنوری ئامێدی لە سەنتەری ناحییەکان نیشتەجێبوون، لەوانەش سەنتەری ناحیەی شیلادزێ.

ئیسماعیل مستەفا باسی لەوەشكردووە، ئەمڕۆ پارێزگاری دھۆک سەردانی ئامێدی کردووە و پێی راگەیاندوون، "حکومەت رەزامەندیی نیشان داوە، کە بە گوژمەی نۆ ملیار دینار ٣٣ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناحیەی شیلادزێ ئەنجامبدرێن، پڕۆژەکانیش ھەمووی بۆ خزمەتی دانیشتوانی سنورەکەیە و لە ئاو و کارەبا و قوتابخانە و ڕێگاوبان پێک ھاتوون."