سەردێڕ:

ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەوان بە کەفالەتی سێ ملیۆن دینار ئازادکرا

فۆتۆ: 
2020-09-13

1364 جار خوێندراوەتەوە

پاش ٢٦ رۆژ لە دەستگیرکردنی، ئەمڕۆ ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەوان بە کەفالەتی سێ ملیۆن دینار ئازادکرا.

ئومێد بەرۆشکی پاش ئازادکردنیشی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارێزەرەکەی داوای ئازادکردنی کردووە و لە ئێستاشدا پاش تەواوکردنی مامەڵەکانی گەڕاوەتەوە ماڵەکەی خۆی.

باسی لەوەشكرد، لەسەر ماددەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراوە و پارێزەرانیش چەند جارێک داوای ئازادکردنیان کردووە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە ئازادی بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکان بەبێ هەبوونی هیچ بڕیارێکی دادگا دەستگیریانکردووە و دوای پێنج رۆژیش لە دەستگیرکردنی، ئینجا هۆکارەکەیان پێوتووە.

لەبارەی رەوشی خۆشییەوە لە ناو زینداندا رایگەیاند، بۆ ماوەی ٢٦ رۆژ بەبێ ئەوەی رێگەی پێبدرێت هیچ پەیوەندییەک بە کەسوکارییەوە بکات ماوەتەوە و رێگەشیان نەداوە هیچ کام لە ئەندامانی خێزانەکەی سەردانی بکەن.

بە ئێن ئاڕ تیشی راگەیاند، لە ماوەی مانەوەشیدا لە زیندان رێگە بە کەسوکارەکەی نەدراوە جلوبەرگ و پێداویستی بۆ ببەن، لە کاتێکدا سەرجەم زیندانییەکانی دیکە هەفتەی رۆژێکیان بۆ دیاریکرابوو بۆ ئەو مەبەستە.

رۆژی ١٨ی مانگی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکیان دەستگیرکرد و پاش نزیکی مانگێکیش، ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکرا.

هەر ئەمڕۆش، دادگای دهۆک بڕیاریدا تا ئەو کاتەی بڕیارێکی نوێ دەردەکات بەدەل بەرواری مامۆستا و چالاکوان، بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان لە زینداندا بمێنێتەوە.