سەردێڕ:

وێنە.. لە هەولێر دایک و کچێک بە تۆمەتی فێڵکردن دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-09-13

7037 جار خوێندراوەتەوە

بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە قەزای خەباتی سەر بە هەولێر رایگەیاند، دایک و کچێک بە تۆمەتی فێڵکردن و دزیکردن دەستگیرکراون و پێشتر پێشینەی تاوانیان هەبووە.

بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە قەزای خەباتی سەر بە هەولێر رایگەیاند، "دوای بەدەستهێنانی زانیاری و لێکۆڵینەوەیەکی ورد، دایک و کچێکیان بە ناوەکانی (ق.ف.چ) و (ئ.ش.ح) لە کاتی ئەنجامدانی دزی و فێڵکردن لە شوفێران دەستگیر کردووە، کە لەسەر رێگای هەولێر - خەبات، دەستیان لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر رادەگرت، دایکەکە شۆفێرەکانی سەرقاڵ دەکرد و کچەکەش پارە و شتومەکی لەناو چەکمەجەی ئۆتۆمبێلەکاندا دەدزی."

ئاماژە بەوەشكراوە، "پێشتریش هەمان پێشینەیان لای پۆلیس تۆمارکرابوو و زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلاریان بەو فێڵە لە شۆفێران دزیبوو."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "تۆمەتباران دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخرا و بەپێی مادەی ٤٤٦ لە یاسای سزادان، راگیران و روبەڕوی یاسا کرانەوە."