سەردێڕ:

ناسنامەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەی ئەمڕۆی ئەحمەد ئاوا گیانیان لەدەستدا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-09-12

31198 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەی ئەمڕۆی رێگای شاخی ئەحمەد ئاوا – سێداران گیانیان لەدەستدا بۆ شەش کەس بەرزبووەوە، کە سەرجەمیان دانیشتووی شاری بەغدان. 

بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیای تایبەت لەسەر رێگای شاخی ئەحمەد ئاوا – سێداران شەش هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و یەک کەسیش برینداربوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا یەکێک لە بریندارەکان بەناوی محەمەد عەبدوڵا کە تەمەنی ٥٥ ساڵە لە نەخۆشخانە لە ژێرچاودێریدایە.

هاوکات، ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە ناسنامەیان ئاشکراکراوە، کە موسا محەمەدی تەمەن ٧٢، موئید مەکی ٢٧ ساڵ، محەمەد عقیلی ١٢ ساڵ، عەقیل کازمی ٤٩ ساڵ، علی هاشمی ٦٨ ساڵ و هاشم جاسمی ٥٧ ساڵ، کە هەموویان دانیشتووی شاری بەغدان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانە بە مەبەستی گەشتیاری روویان لە ناوچەکە کردووە و بەهۆی سەختی و بەرزی لۆفەکانی ئەحمەد ئاواوەوە، ئۆتۆمبێلەکەیان لە کۆنترۆڵ دەرچووە و کەوتووەتە خوارەوە.

بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێم، ساڵی رابردوو زیاتر لە چوار هەزار و ٤٠٠ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە بەو هۆیەوە ٥٧٥ کەس گیانیانلەدەستداوە و شەش هەزار و ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون.