سەردێڕ:

کازم فاروق: ئەگەر بڕیارى خوێندنی ئۆنلاین ھەڵنەوەشێننەوە پاش ماوەیەکی تر دەرئەنجامە خراپەکانی دەبینرێت

فۆتۆ: 
2020-09-12

6724 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کە ئەگەر بە فشاری دایکان و باوکان و مامۆستایان و هەموو لایەک، بڕیارى خوێندنی ئۆنلاین ھەڵنەوەشێننەوە، ئەوا پاش ماوەیەکی تر دەرئەنجامە خراپەکانی دەبینرێت.

کازم فاروق سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لە فەیسبوکى خۆى بڵاویکردووەتەوە، ماوەیەك پێش ئیستا پێشنیازی یاسایەکیان پێشکەشی پەرلەمان کرد بۆ پێدانی بڕی ١٥٠ ھەزار دینار دەرماڵەی مانگانە بە ھەر خوێندکارێك بەتایبەت خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بۆئەوەی خوێندکار لەبەر نەبوونی و ھەژاری واز نەھێنن و بێبەش نەبن لە خوێندن.

کازم فاروق باس لەوەش دەکات، بەڵام حکومەت و پەرلەمان لەباتی ئەوەی پڕۆژەکەیان جێبەجێبکەن، دەرگای خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگاکانیان داخست و ھەموو خوێندکارانیان لە خوێندن بێبەشکرد.

نوسیویشیەتى، "بەحساب قوتابی پۆلی ١ و ٢ و ١٢ دەتوانن دەوام بکەن، بەڵام ئەوانیتر نابێت دەوام بکەن، ئاخر بەجددی زۆربەی خێزانەکان قوتابیان ھەیە لە ١ یان ٢ و قۆناغەکانی تریش، ئەگەر قوتابیەکیان دەوام بکات و توشی کۆرۆنا بێت، کە ھاتەوە ماڵەوە خوشک و براکانیشی توش دەکات، کەواتە ئەو قوتابیانەی لە ماڵەوەن خوێندنەکەشیان دەفەوتێت و توشی کۆرۆناش دەبن، بۆخاتری خوا کوا عەقڵتان؟ کوا عەقڵی موستەشارەکانتان؟."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆ دەستپێکردنى وەزرى نوێى خوێندنى ساڵى ٢٠٢٠- ٢٠٢١ سەرەتا وەزارەتى پەروەردە بڕیاریدا تەنها پۆلى ١٢ى ئامادەیی لەناو پۆل دەوامبکەن و سەرجەم پۆلەکانى دیکە بەشێوازى ئۆنڵاین وانە بخوێنن، بەڵام دواتر وەزارەتى پەروەردە پۆلەکانى ١ و ٢ى بنەڕەتیشى بۆ خوێندنى ناوپۆل زیادکرد.