سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبای هەرێم باس لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-12

4015 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، سێ پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان جێبەجێدەکرێت. دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە بەم نزیکانە بانگهێشتی کۆمپانیاکان دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی كارەبا لەدوا قۆناغەكانی ئامادەكردنی تەندەرە بۆ جێبەجێكردنی سێ پرۆژەی گرنگی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، بۆ ئەم مەبەستەش بەمنزیكانە بانگێشتی كۆمپانیاكان دەكات."

لەوبارەیەوە، دیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەت رایگەیاند، "ئەم سێ پرۆژەیە بۆ بەرهەمهێنانی ٢٥ مێگاوات كارەبایە لە پارێزگای هەولێر و ٢٥ مێگاوات لە پارێزگای سلێمانی و هاوکات، ٢٥ مێگاوات کارەباش لە ئیدارەی گەرمیان."

باسی لەوەشکرد، "واتە بڕی ٧٥ مێگاوات كارەبا بە وزەی خۆر كارەبا بەرهەمدەهێنرێت، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگی وەزارەتە بۆ پشتبەستن بە سەرچاوەی خۆر كە لە رووی كەڵكی ئابورییەوە بۆ كەمكردنەوەی خەرجی تێچوونی سوتەمەنی گرنگە."

بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆرەوە پرۆسەیەکە کە بە دۆستی ژینگە ناسراوە و دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی پیسبوونی ئاووهەوا لەو ناوچانەدا.