سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاریی لەسەر کاتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-12

338513 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، بە لێبڕینی ٢١% دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستپێبکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان کردووە و هاوکات، بۆ ئەمجارەش، هەروەکو دوو مانگی رابردوو، دابەشکردنی موچە بە لێبڕینی ٢١% دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم وەزارەت و شوێنەکان کردووە لیستی موچەی فەرمانبەرەکانیان بە لێبڕینی ٢١% رەوانە بکەن.

لەبارەی کاتی دابەشکردنی موچەوە باسی لەوەکرد، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا و لە ناوەراستی ئەم مانگەدا، دابەشکردنی موچە دەستپێبکاتەوە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی راگرت.

لە پاش ئەو بڕیارەشەوە، حکومەتی هەرێم لە رێگەی داهاتی ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی بەغدا مانگانە دەینێرێت، تەنیا سێ مانگ توانیویەتی موچە دابەشبکات کە دووانیان بە لێبڕینی ٢١% بووە.

ئەو موچەیەی کە چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشبکرێت، بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە و فەرمانبەران جگە لەوەی دەیان موچەی مانگانەی ساڵانی رابردوویان لەلای حکومەتی هەرێمە، هاوکات، لەمساڵیشدا کە ئێستا بەرەو مانگی ١٠ هەنگاو دەنێین، تەنیا موچەی سێ مانگیان وەرگرتووە.

محەمەد عامر، هەولێر