سەردێڕ:

وێنە.. لە هەولێر منداڵێک بە خنکاوی لە ئوتومبێلەکەی باوکیدا دۆزرایەوە

فۆتۆ: 
2020-09-12

21214 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە هەولێر منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان دەچێتە ناو ئوتومبێلەکەی باوکیەوە و خێزانەکەی وادەزانن کە ون بووە، بەڵام دواتر بە خنکاوی دۆزرایەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، منداڵەکە ناوی هۆنیار دلێرە و کوڕی دلێر حسێنی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە لە فراکسیۆنی گۆڕان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە وتەی کەسوکارەکەی، دوێنێ هەینی دلێر حسێن لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە ماڵى باپیره‌ی لە گەڕەکی (سەیداوە)ى ھەولێر، دواتر منداڵه‌كه‌ دەچێتە نێو ئۆتۆمبێلی باوکی و بۆ چەند كاتژمێرێك دیار نامێنێت، کەسوکاری لە بازاڕ بە شوێنیدا دەگەڕێن، بەڵام ھەر نادۆزرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، پاش چەند کاتژمێرێک کە دەرگای ئوتومبێلەکە دەکەنەوە دەبینن منداڵەکە خنکاوە و گیانیلەدەستداوە.

لە پرسەنامەیەکیشدا، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، هۆنیاری كوڕی دلێر حسێن بە كارەساتێكی دڵتەزێن کۆچی دوایی کردووە و داوای سەبووری بۆ خێزانەکەی دەکات.

تاوەکو ئێستا پۆلیسی هەولێر هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەم رووداوەوە بڵاونەکردووەتەوە.