سەردێڕ:

ناوەڕۆکی کۆبونەوەی کازمی لەگەڵ پارتی و یەکێتی چی بووە و لەسەر چی ڕێککەوتوون؟

فۆتۆ: 
2020-09-12

76015 جار خوێندراوەتەوە

سەربارى وروژاندى سۆزى هاوڵاتیان بە چوونە ناو خەڵک و سەردانى شوێنە جیاوازەکان، بەڵام دواجار مستەفا کازمیش بەرهەمى جیلى سیاسى دواى ٢٠٠٣یە و بەشێک لە بەڵێنەکانیشى بۆ چاکسازیى تەنها بەشکڵى دەمێننەوە، وەک ئەوەى ئێستا روودەدات، وێڕاى بانگەشەى میدیایى زۆر، بەڵام تائێستا کازمى هەنگاوێکى واى نەناوە کە کێشە بنەڕەتیەکانمى عێراق لەڕووى میلیشیاى چەکدارى و دزى و گەندەڵى لەنێو دامەزراوەکانى دەوڵەتدا سنوردار بکات.

پاش وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق، مستەفا کازمى بریارى کۆمەڵێک چاکسازیدا لەوانەش کۆنترۆڵکردنەوەى دەروازە سنورییەکان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەردانى بەشێک لە دەروازە سنورییەکانى هەرێمیش دەکات، بەڵام سەردانەکە هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت، چونکە لەبنەڕەتدا سەردانەکە تەنها نمایشێکە و راکێشانى سۆزى شەقامى عێراقییە کە گوایە سەرۆک وەزیران بەهێزە و تەنانەت دەچێتە دەروازەکانى هەرێمیش، لەگەڵ ئەوەشدا دزى و قاچاخچێتى و دیارنەبوونى داهاتى ئەو خاڵە سنوورییانە پرۆسەیەکى بەردەوامە.

بەو پێیەش مستەفا کازمی پێویستی بەوەیە نیشانی شەقامی عێراقی بدات کە دەروازە سنورییەکانی هەرێمیش کۆنترۆڵ دەکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى راستییەکەی پێچەوانەى ئەمەیە و کازمى رێککەوتنی لەگەڵ هەرێم کردووە تەنیا هەندێک پارەی گومرگی فیدراڵی برواتە بەغداد، کە رۆژانە بڕێکی زۆر کەم دەکات و لە سەدا یەکی داهاتەکەش ناکات، بەوەش لە سەدا ٩٩ ی وەک رابردوو دەمێنێتەوەو بۆ پارتی و یەکێتی دەبێت و خەڵکیش هەر بێ مووچەو بێکار دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، کازمی لەگەڵ شاندى کوردی و بە تایبەت پارتی و یەکێتی رێککەوتووە و بەڵێنیان بەیەکترداوە کە هاوکاری یەک بکەن لەم ماوەیەدا تا هەڵبژاردنی داهاتوو، نە کازمی کێشە بۆ کورد و ئەم سەرکردایەتییە دروست دەکات و نە کوردیش کێشە بۆ حکومەتەکەی کازمی دروستدەکات.

هاوکات، پارتی بەڵێنی بە کازمی داوە کە لە دوای هەڵبژاردن دەنگی پێ بدەنەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، لەلایەکى دیکەوە، کازمیش نایەوێت پارتی و یەکێتی لە دەستبچێت و بە دەردی عەبادی و مالیکی بڕوات، چونکە پشتیوانی و دەنگی ئەمان گرنگە بۆ کازمی بۆ ئەوەی دواى هەڵبژاردن ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، پارتی و یەکێتیش مەبەستیانە دڵی کازمی رابگرن تا پارە و بودجە بنێرێت و چاوپۆشى لە داهاتى خاڵە سنوورییەکان و زۆر داهاتى تر بکات کە دەچێتە گیرفانى پارتى و یەکێتى و بەرپرسەکانیانەوە.

بۆیە هەموو ئەو سەردان و خۆتوندکردنانە لە بەرامبەر زیادەڕۆییەکانى سەرانى پارتى و یەکێتى مانۆرى سیاسى و شتی روکەشن و هیچ گۆرانکاری راستەقینە نابێت و زیاتر پروپاگەندەی میدیاییە و هەردوولایان ئیشیان پێیەتی لەپێناو مانەوەیان.

بەبڕواى بەشێک لە چاودێران، ئەم دەستەبژێرە سیاسییەى دواى ٢٠٠٣ بەشێوەیەکى راگەیەنراو یان رانەگەیەنراو رێککەوتوون لەسەر هێشتنەوەى پایەى حزبى و ناوچەیی خۆیان، ئەوەش لەڕێگەى تۆخکردنەوەى بابەتە هەستیارەکان و تارادەیەک هاوڵاتیانى نەتەوە و ناوچە و مەزهەبە جیاوازەکانیان کردووە بە نەیارى یەکتر، بەڵام خۆیان وەک هاوبەشێکى رێک و بێکێشە پۆستەکان و سامانى وڵات لەناو خۆیان دابەشدەکەن.

بەپێی زانیارییەکان مستەفا کازمى ئەگەر لەسەرەتادا نیازێکى باشی هەبووبێت بۆ چاکسازى، بەڵام دواجار ئەویش لەژێر هەژموونى ئەو دەستەبژێرە سیاسییەى دواى ساڵى ٢٠٠٣یە بەتایبەت لایەنە شیعەکان، خۆشى لە چەندین کۆبوونەوەى داخراودا ئەم راستییەى نەشاردووەتەوە. هەروەها کازمى تێدەگات کە گۆڕانکارى ریشەیی  پاش ساڵانێکى زۆر لە رەگداکوتانى گەندەڵیى بەجۆرێک کە بووە بە بەشێک لە سیستمى حکومڕانى کارێکى ئاسان نییە، بۆیە بۆ راکێشانى سۆزى خەڵک پێویستە کارێک بکات و لەبەردەم خەڵکدا خۆى نمایش بکات.

بۆیە بەبڕواى چاودێران ئەم جۆرە سەردانانەى کازمى زیاتر سەردانی شکڵین و گۆڕانکارییەکى ئەوتۆى لێچاوەڕوان ناکرێت، چونکە هەردوولایەن، چ سەردانکەر و چ پێشوازیکەر، کۆکن لەسەر ئەوەى کە گوزەرانى خەڵک و داهاتەکانى وڵات لەدەستنەدەن تابتوانن بۆ زۆرترین ماوە لەدەسەڵاتدا بمێننەوە.