سەردێڕ:

مستەفا کازمی گەیشتە هەڵەبجە

فۆتۆ: 
2020-09-11

4949 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای سەردانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان، کەمێک پێش ئێستا گەیشتە هەڵەبجە و لەلایەن ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی پارێزگاکەوە پێشوازیی لێکرا.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە و بەشێک لە چین و توێژە جیاوازەکانی شارەکەدا بکات و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت.

دوێنێ، مستەفا کازمی بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و چاوی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسانی پارێزگاکە کەوت.

هەر لە دوانیوەڕۆی دوێنێدا، سەردانی پارێزگای دهۆک و کەمپی قادیای ئاوارەکانی کرد و چاوی بە بەرپرسانی پارێزگاکە و کەمپەکە کەوت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە و دواتریش بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی، دوێنێ سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێی هەریەک لە پرسی دەروازە سنورییەکان، نەوت، موچەی فەرمانبەران و هەڵبژاردنەکان و چەند بابەتێکی دیکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کردووە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دوێنێ کازمی رایگەیاندووە، کە داهاتی ٥٠%ی دەروازە سنورییەکانی دەوێت و ناشتوانێت بێبەرامبەر بودجە بنێرێت چونکە فشاری لەسەرە.