سەردێڕ:

مستەفا کازمی گەیشتە سلێمانی

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
فۆتۆ: NRT
2020-09-11

9171 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای سەردانی هەولێر و دهۆک و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان، کەمێک پێش ئێستا گەیشتە سلێمانی و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی پارێزگاکە پێشوازیی لێکرا.

ژاڵە محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بەرەو شوێنی کۆبوونەوەکانی بەڕێدەکەوێت و چاوەڕواندەکرێت لە دوانیوەڕۆدا سەردانی پارێزگای هەڵەبجەش بکات.

دوێنێ، مستەفا کازمی بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و چاوی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسانی پارێزگاکە کەوت.

هەر لە دوانیوەڕۆی دوێنێدا، سەردانی پارێزگای دهۆک و کەمپی قادیای ئاوارەکانی کرد و چاوی بە بەرپرسانی پارێزگاکە و کەمپەکە کەوت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە و دواتریش بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی، دوێنێ سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێی هەریەک لە پرسی دەروازە سنورییەکان، نەوت، موچەی فەرمانبەران و هەڵبژاردنەکان و چەند بابەتێکی دیکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کردووە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دوێنێ کازمی رایگەیاندووە، کە داهاتی ٥٠%ی دەروازە سنورییەکانی دەوێت و ناشتوانێت بێبەرامبەر بودجە بنێرێت چونکە فشاری لەسەرە.