سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی قسەکانی ئەمڕۆی کازمی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-10

146760 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بەرپرسانی باڵای هەرێمی راگەیاندووە، داهاتی ٥٠%ی دەروازە سنورییەکانی دەوێت و ناشتوانێت بێ بەرامبەر پارە بنێرێت چونکە فشارێکی زۆری لەسەرە.

سەرچاوە تایبەتەکەی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەمڕۆیدا، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندووە، "فەرمانبەرانی کوردستان لەسەر ئەستۆی منە، بەڵام ئەی نابێت بزانم چەندن و کێن و چۆنن؟."

کازمی باسی لەوەشکردووە، کە دەبێت لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستی کورد بزانێت بەوەی ئایا لەگەڵ هەڵبژاردندان یاخود نا؟

هاوکات، ئاماژەی بەوەکردووە، "تێدەگەم کە پرسی نەوتان چی لێکردووە، بەڵام لانیکەم دەبێت بەرچاوڕوونییەکمان ھەبێت لەسەر ئەوەی کە  چەند دەفرۆشن و بە چەند دەفرۆشرێت و چۆن دەفرۆشرێت و کێ دەیفرۆشێت و بە کێ دەفرۆشرێت؟."

کازمی وتوشییەتی، بۆ ئەو یەکڕیزی کورد گرنگە و ناتوانێت لەگەڵ هەموواندا گفتوگۆ بکات، چونکە دەیەوێت لەگەڵ تێکڕای کورد دۆست بێت نەک دوژمن.

ئەوەشی وتووە، "منیش وەک ئێوە نامەوێت نەک پرسی فەرمانبەران، بەڵکو هەر پرسێکی دیکەش، تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت و ئەو پێشێلکاریانەی لە سنورەکانیشتاندا دەکرێت جێگای نیگەرانی جدیمانە."

ئەمڕۆ مستەفا کازمی بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کۆبووەوە و دواتریش سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و وابڕیاریشە، سبەینێ سەردانی سلێمانی بکات.

ئومێد محەمەد، بەغدا