سەردێڕ:

پارتی: تا ئێستاش بەشێک لەو ئامانجانە نەهاتوونەتە دی کە شۆڕشی ئەیلولی لەپێناودا هەڵگیرسا

فۆتۆ: 
2020-09-10

45251 جار خوێندراوەتەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، جارێكی دیكه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییە دەکاتەوە، کە‌ تا ئێستا بەشێک لەو ئامانجانەی شۆڕشی ئه‌یلولی له‌پێناودا هه‌ڵگیرسا، نەھاتوونەتە دی.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٥٩یەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلولەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ‌شێلگێرانه‌، به‌هه‌مان ئیراده‌ی شۆڕشی ئه‌یلول، لێ بە تێگەیشتنێکی ھاوچەرخانەوە،‌ پەرە بە خه‌باتی سیاسی، حوکمڕانی، دیپلۆماسی و مەدەنی دەدات و لەو پێناوەشدا پاڵپشتی جه‌ماوه‌ر و ‌یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بە کلیلی سەرکەوتن دەزانێت‌."

ئاماژە بەوەشکراوە، "گرنگه‌ هه‌موومان: گەل، پەرلەمان، حکومەت، لایەنە سیاسییەکان، میدیا و ئۆرگانەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی جه‌خت له‌سه‌ر تەبایی سیاسی، یەکڕیزیی نیشتیمانی و سه‌روه‌ریی یاسا بكه‌ینه‌وه‌ و ڕۆڵی چارەسەر بگێڕن."

باس لەوەشکراوە، "تایبەت چارەسەری ئەو  گرفتانەی کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانەوە، ھەمدیس پێخەمەت چاكسازی و هێنانه‌دی ژیانێكی خۆشگوزه‌ران بۆ ته‌واوی گه‌لی كوردستان یەکدەست بین و پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین."