سەردێڕ:

قارەمان کەمال: هاوپەیمانان بۆ رێککەوتنى سەربازیى هەرێم و بەغدا لە هەوڵدان

فۆتۆ: 
2020-09-10

9767 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ھەرێم لەگەڵ بەغدا لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوپەیمانان لە عێراق داوایان لە وەزارەتەکانى پێشمەرگە و بەرگریی عێراق کردووە بە زووی رێککەوتنى سەربازیی لەبارەى ناوچە جێناکۆکەکان واژۆ بکەن.

لیوا قارەمان کەمال، ئەندامی شاندی دانوستانکاری ھەرێم لەگەڵ بەغدا بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی راگەیاندووە، بڕیارە جارێکی دیکە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دروستکردنی ھەماھەنگی و دانانی بنکەی ھاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان سەردانی بەغدا بکەنەوە، بەڵام ھێشتا رۆژەکە دیارینەکراوە.

ئاماژەى بەشکردووە، تاوەکو ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروستنەکرێت و بۆشایی ئەمنی پڕنەکرێتەوە، پەلاماردانەکانى داعش بەردەوامییان دەبێت.

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری نێوان ھەرێم و بەغدا روونیشیکردووەتەوە، ھێزی عێراقی وەکو پێویست لە ناوچە جێناکۆکەکان نییە و بە ئۆپراسیۆنیش کۆتایی بە داعش نایەت، چونکە کاتێک داعش دەزانێت ئۆپراسیۆن ھەیە، پێش دوو رۆژ ناوچەکە چۆڵدەکات تا ئۆپراسیۆنەکان تەواودەبن.

 لیوا قارەمان وتوشیەتى، ھاوپەیمانان ھەوڵدەدەن ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لێک نزیکبکەنەوە و خۆشیان لە کۆبوونەوەکان ئامادە دەبن، ھانی ھەردوولاش دەدەن پەلە بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، لە بواری سەربازیدا.

لە پاش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، هێزی پێشمەرگە لە زۆربەی رووبەری ناوچە کێشەلەسەرەکان کشاوەتەوە و تاوەکو ئێستا بە مەبەستی پێکەوە کارکردن، لەگەڵ سوپای عێراقدا رێکنەکەوتووە.