سەردێڕ:

مەسرور بارزانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مستەفا کازمی ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-09-10

12039 جار خوێندراوەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبونەوەی نێوان مستەفا كازمی و مەسرور بارزانی هەموو پرسەکانی تایبەت بە بودجە، نەوت، ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و هەروەها شایستە داراییەکانی پێشمەرگە قسەی لەبارەوە کراوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبونەوەی نێوان مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو پرسەکانی تایبەت بە بودجە، نەوت، ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و هەروەها شایستە داراییەکانی پێشمەرگە قسەی لەبارەوە کراوە، ئاماژەبەوەشكراوە، مەسرور بارزانی بە کازمی راگەیاندووە کە "موچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی رەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەنها موچە و بودجە نییە و هیوادارین هەموو کێشەکە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن".

باسلەوەشكراوە، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە کە "هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی روبەڕوی چەندین ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەردەبڕین بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عێراقدا بێت.

ئاماژەبەوەشكراوە، مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە، بەتایبەتی کاراکردنی میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.

ئەوەش ڕونكراوەتەوە، لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە "هاتنی ئەو شاندە گەورە و گرنگەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئامادەییمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دانانی بنەمایەکی نوێ و پتەو بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی".

هەروەها، سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە کە "سەرکەوتنی هەر بەشێکی عێراق سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق و من گەشبینم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێکهاتە و بەشەکانی عێراق، دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکان سەربکەوین و ئێستاش دەرفەت و تێگەیشتنێکی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

ئەوەش دوایی ئەوە دێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەسەردانێک گەشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و چاوی بە هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوت.