سەردێڕ:

لەبارەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-09-10

15541 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەرێکی خۆبەخش لە کەیسی جوتیارانی هەرێم لە دادگای باڵای ئیداریی بەغدا رایگەیاند، وابڕیاربووە ئەمڕۆ دوا دانیشتنی دادگا بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەبارەی راگرتنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم، بەڵام دواخراوە بۆ رۆژی ٥ی مانگی داهاتوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخش لە کەیسی جوتیارانی هەرێم لە دادگای باڵای ئیداریی بەغدا رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی، سەرەکوەزیرانی پێشووتری عێراق بە ژمارە ۱۳٥۹ لە ٢٨ی ١ی ٢٠١٨ لەبارەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان بە (سعر تجاري – نرخی بازرگانی) دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشوو دادگا بڕیاریدابوو کە ئەمڕۆ بە مەبەستی کۆتاییهاتن و دوا دانیشتن بێت و ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش ئامادەکرابوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرۆکی دادگا داواکە بۆ ٥ی ١٠ی ٢٠٢٠ دواخرا.

دەشڵێت، نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێی ڕاگەیاندوون، کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران بریاڕیداوە، شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ خەرجبکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، حکومەتی فیدراڵیی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ٦٠٠ ملیار دیناری شایستە داراییەکانی جوتیارانی عێراق دەربڕی.