سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە رێنماییەکانی خوێندنی پۆلی ١٢ی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-09-10

9539 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، لە رێککەوتی ٢٧ی ئەم مانگەوە دەست بە دەوامی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە دەکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش، چەند رێنماییەکی دەرکرد.

لە رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمدا هاتووە، کە جگە لەوەی دەبێت بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر، فەرمانبەران، مامۆستایان و قوتابیان بە ماسکەوە دەوام بکەن، هاوکات، دەبێت نێوانی قوتابیان یەک مەتر و نیو کەمتر نەبێت لەناو هۆڵەکانی خوێندن بە ئاراستەی چواردەوری هەر قوتابیەک.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە هەفتەی یەکەمی خوێندن بۆ پێدانی رێنمایی خۆپارێزی و هۆشیاریی تەندروستی تەرخاندەکرێت.

 هەر ئەمڕۆش، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ، پرۆسەی خوێندن لە پۆلەکانی یەک و دووی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی لەناو پۆلدا دەبێت و سەرجەم قۆناغەکانی دیکەش بەشێوازی ئەلکترۆنی دەبێت.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوودا خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیرا و دواتریش تەنیا خوێندکارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵیان ئەنجامدا، خوێندکارانی قۆناغەکانی دیکەش نمرەی وەرزی یەکەمیان بۆ هەژمارکرا.