سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. شەڕی نێوان ژمارەیەک هاوڵاتی و پۆلیسی نەخۆشخانەیەکی دهۆک

فۆتۆ: 
2020-09-10

12420 جار خوێندراوەتەوە

لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک، شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان کەسوکاری هاوڵاتییەک کە بەکۆرۆنا گیانیلەدەستداوە و پۆلیسی نەخۆشخانەکەدا روویدا.

لەبارەی رووداوەکەوە، تەندروستی دهۆک رایگەیاند، لە کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەناو نەخۆشخانەی ئازادی شارەکەدا، لەکاتێکدا کە هاوڵاتییەک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیلەدەستداوە، کەسوکاری کۆچکردووەکە قەرەباڵغی درووستدەکەن و بەم هۆیەشەوە شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان پۆلیس و ئەو کەسانەدا درووستبووە.

رووداوەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک پۆلیس ویستویانە رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵغی ناو نەخۆشخانەکە بکەن و کەسوکاری کۆچکردووەکەش بەو رێگرییە ڕازی نەبوون و شەڕ و گرژیی دروستبووە.

تەندروستی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، کە دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزیی، ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵکراوە و هیچ کەسێکیش لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆش رایگەیاند، لە کاتی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوو کوڕی هاوڵاتییەکە هێرشییان کردووەتە سەر پەرستارێک و پۆلیسێک و لەو سەروبەندەشدا لەگەڵ ئەفسەری بنکەی نەخۆشخانەکەدا بەشەڕهاتوون.