سەردێڕ:

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و کازمی ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-09-10

21080 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێم و عێراق کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، "پاڵپشتی هەوڵەکانی کازمی دەکەین لە بواری چاکسازی لەهەموو کایەکاندا."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "کازمی بەسەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لەمیانەی کۆبونەوەی نێوان کازمی و بارزانیدا، کازمی رایگەیاندووە، ئەزمونکردنی هاریکاری ئەمنی و تەواوکاری لە هێزە چەکدارەکاندا لەروبەڕوبونەوەی داعشدا یەکێتی نیشتیمانی بەهێزکرد و سەرکەوتنی مسۆگەرکرد."

باسی لەوەشکردووە، "سەروەری خاکی عێراق ئەو وشەیەیە کۆماندەکاتەوە، هیچ بوارێک نیە بۆ کەمتەرخەمیکردن تیایدا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا هەلێک لەبەردەمماندایە بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و پێشکەشکردنی باشترین هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی هاونشیتمانیانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی خۆئامادەکردنمان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە خێراتردەکات."

ئەوەش هاتووە، "لەلایەن خۆیەوە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی هەموو گرفتە هەڵواسراوەکانی بە ئامانج گرتووە و هەوڵدەدات چارەسەرێکی بنەڕەتی و دوور مەودایان بۆ بدۆزێتەوە."

راشیگەیاندووە، "سەرۆکوەزیرانی هەرێم وتوشییەتی، پاڵپشتی هەوڵەکانی کازمی دەکەین لە بواری چاکسازی لەهەموو کایەکاندا."

ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی عێراق، کە پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و نەوت و کۆچ وکۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی فیدراڵی سەردانی هەولێریان کرد و چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدەن.

بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای دھۆک بكات و لەوێ بچێتە قەزای زاخۆ و دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل، هاوکات سەردانی كەمپی قادیای ئێزدییەكان بكات، دواتریش بڕیارە سبەینێ کازمی سەردانی پارێزگای سلێمانی بكات و لەوێش بچێتە مەرزی باشماخ و پەروێزخان.

دوای دەستبەكاربوونی وەک سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمە یەكەم سەردانی مستەفا كازمییە بۆ ھەرێمی كوردستان، هاوکات دوای سەردانی چەندین شاندی هەرێم دێت بۆ بەغدا، بە مەبەستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی.