سەردێڕ:

دەروازەیەکی سنوری ئێران بڕی هاتوچۆی بازرگانیان لەگەڵ هەرێمدا ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-09-10

4226 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری فەرمانگەی گومرگی پارێزگای سەردەشت رایگەیاند، ئەمساڵ لەڕێگەی دەروازەی سنوری کێلێەوە ئێران ١٥٢ هەزار تەن کەلوپەلی هاوردەی هەرێم کردووە و نزیکەی بەبەهایی ١٩١ ملیۆن دۆلار هاتوچۆی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا هەبووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، داود فاتیحی بەڕێوەبەری فەرمانگەی گومرگی سەردەشت بە ئاژانسی هەواڵی ئێرانی راگەیاندووە، " لە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە لە ئێستادا جموجوڵە بازرگانییەکان دەستیان پێکردووەتەوە و رۆژانە نزیکی ١٤٠ بارهەڵگر لەڕێگەی دەروازەی کێلێوە کاڵا لە نێوان عێراق و ئێراندا دەگوازنەوە."

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە لە رێگەی ئەو دەروازە سنورییەوە ١٥٢ تەن کەلوپەلیان هاوردەی هەرێم کردووە، دەشڵێت، "بە نزیکەیی بەبەهایی ١٩١ ملیۆن دۆلار هاتوچۆی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا هەبووە."

ئەوەشی خستەڕوو، "زۆرترین ئەو کاڵایانەی بۆ هەرێمی کوردستان دەگوازرێنەوە بریتیە لە، شیش و سیرامیک و بەرهەمە کانزاییەکان و پلاستیک و میوە و سەوزەوات."

باسی لەوەشکردووە، "بەهۆی ئەوەی سەردەشت پارێزگایەکی سەرسنوریە و لە عێراقەوە نزیکە، دەروازەیەکی گونجاویشە بۆ جموجوڵی گەشتیاری لە بواری گەشت و گوزاردا."

ساڵانە هاتوچۆی بازرگانی لە نێوان دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێراندا ئەنجامدەدرێت، بەڵام بەردەوام رەخنەی ئەو لە بەرپرسانی هەرێم دەگیرێت کە داهاتی خاڵە سنورییەکان ناڕونە و ناگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت.