سەردێڕ:

کونسوڵی ئەمريکا لە هەرێم پێشنیازدەکات هەولێر و ناشڤیل ببنە دەستەخوشک

فۆتۆ: 
2020-09-10

6661 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵی گشتی ئەمريکا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر گفتوگۆيان کرد لەبارەی دامەزراندنی پەیوەندی دەستەخوشکیی لە نێوان هەولێر و شاری ناشڤيلی ئەمريکا.

لە دیدارێکدا کە لە رێگەی ئۆنلاينەوە رۆب والەر کونسوڵی گشتی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم و فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر گفتوگۆیانکرد لەبارەی ئەگەری دامەزراندنی پەیوەندی دەستەخوشکیی لە نێوان هەولێر و شاری ناشڤيلی ويلايەتی تینسی.

هاوکات فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر رايگەياند، کونسوڵی گشتی ئەمريکا پێشنيازی دەستەخوشکی خستووەتەڕوو، ئەوانيش رەزامەندی و خۆشحاڵی خۆيان بۆ پێشنيازەکە دەربڕيوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی ديدارەکەش پارێزگاری هەولێر رايگەياند، تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکەيان کردووە و ئاماژەيان بەگرنگی بەهێزبونی پەيوەندييەکانی نێوان ئەمريکا و هەرێم کردووە لە رووی گەشەپێدانی ئابوری و وەبەرهێنان لە بوارەکانی پيشەسازی و وزە و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.

شاری ناشڤيل پايتەختی ويلايەتی تێنسی ئەمريکايە و زۆرترين ڕێژەی کوردی تێدا دەژی، بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ زياتر لە ١٥ هەزار کورد لەو شارەدا نيشتەجێبوون.