سەردێڕ:

کازم فاروق: چارەسەری بنەرەتی ئەم دەسەڵات و حکومەتەی پارتی و یەکێتی روخاندنە

فۆتۆ: 
2020-09-10

4931 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چاکسازی و درۆسازی و ئەم قسانە ھیچ ئیستیفادەی نییە، چارەسەری بنەرەتی ئەم دەسەڵات و حکومەتەی پارتی و یەکێتی روخاندنە.

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، چاکسازی و درۆسازی و ئەم قسانە ھیچ ئیستیفادەی نییە، چارەسەری بنەرەتی ئەم دەسەڵات و حکومەتەی پارتی و یەکێتی روخاندنە، دەشڵێت، "ئاخر خەڵک فریای چەند شت بکەوێت؟ پارە بۆ چەند قوڕبەسەری کۆبکاتەوە؟"

باسی لەوەشکردووە، "سەیرکەن ئەم حکومەتە بە چەند شێواز پارە لە خەڵک دەدزێت، پارەی کارەبا، پارەی ئاو، پارەی مۆلیدە، پارەی خۆڵ رشتن، پارەی سەعاتی ئاو، پارەی غاز."

کازم فاروق لەو بارەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "پارەی نەوت بۆ زستان، پارەی کرێ خانوو، پارەی عیادە و دەرزی و دەرمان، پارەی قەبر 'ئەگەر خوانەخواستە مرد'، پارەی پێداویستی خوێندنی منداڵ، پارەی ئینتەرنێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین، پارەی چەندین جۆر زەریبە، پارەی قیرانە و شۆستانە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەمانە بۆ ھاوڵاتیەکی ئاسایی، جگە لەوەش چەندین جۆری تری سەرانە و پارە کێشانەوەیان داھێناوە."

لەبارەی جۆرەکانی دیکەی پارە کێشانەوەشەوە رایگەیاندووە، "پارەی قطعەی ریکلامی سەر دوکانەکان، رەسمی پیشەیی، پارەی ژینگە و رێگاوبان، پارەی ژمارەی ئۆتۆمبیل، زەریبەی عەقار، زەریبەی دەخل، رەسمی تاپۆ و یەک دنیا جۆری تر باج و سەرانە و گیرفان بڕین."

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمان دەشڵێت، "دڵنیام ھێشتا پارەکێشانەوەی تریش ھەیە من لەبیرم چووە بینوسم."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھەموو ئەمانە بەرامبەر بە موچەیەکی ٧٩%ی و بە ٦٠ رۆژ جارێک، ئیتر نەپرۆژەی ستراتیجی و نەھەلی کار بۆ گەنجان و نەدامەزراندن و نەسلفەی عەقار و ھاوسەرگیری و ژێرخانیکی وێران و داڕزاو."