سەردێڕ:

سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر

فۆتۆ: 
2020-09-10

7899 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیشتە ھەولێر و لەلایەن سەرۆكی حكومەتی ھەرێم و شاندێكی ھەرێمی كوردستانەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازی لێكرا.

مستەفا کازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەستی بە کۆبوونەوەکە کردووە، بە مەبەستی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

مستەفا کازمی سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی عێراق دەکات، کە پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و نەوت و کۆچ وکۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی فیدراڵی.

هەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ھەر ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای دھۆك بكات و لەوێ بچێتە قەزای زاخۆ و دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل، هاوکات سەردانی كەمپی قادیای ئێزدییەكان بكات، دواتریش بڕیارە سبەینێ کازمی سەردانی پارێزگای سلێمانی بكات و لەوێش بچێتە مەرزی باشماخ و پەروێزخان.

دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمە یەكەم سەردانی مستەفا كازمییە بۆ ھەرێمی كوردستان، هاوکات دوای سەردانی چەندین شاندی هەرێم دێت بۆ بەغدا، بە مەبەستی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێکەوتنی کۆتایی.