سەردێڕ:

ئەمشەو شاندەکەی هەرێم دەگەڕێنەوە هەولێر

فۆتۆ: 
2020-09-09

9631 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری نەوت و دارایی و کارەبای عێراق کۆتایی هاتووە و هەر ئەمشەو دەگەڕێنەوە هەولێر.

سە‌میر ھە‌ورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لیژنە‌ لاوە‌كییە‌كان لە‌ بە‌غدا بە‌ردە‌وام دەبن لە‌ كۆبوونە‌وە‌كان، بەڵام شاندی سەرەکی هەرێم دەگەڕێتەوە هەولێر.

دەشڵێت، قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی شاندەکەی هەرێم بە حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، کە ئامادە‌ن لە‌سە‌ر پرسی داھاتی نە‌وت و دە‌روازە‌ سنورییە‌كان رێكبكە‌ون.

ئاماژەی بەوەشکرد، كۆبوونە‌وە‌كان‌ "ئە‌رێنی" بوون و بە‌ وردی گفتوگۆ لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان كراوە، بە‌تایبەتی پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی ٢٠٢١ كە‌ ئێستا حكومە‌تی عێراقی لە‌سە‌رووبە‌ندی داڕشتنەوەیەتی.

باسی لەوەشکرد، كۆبوونە‌وە‌ی لیژنە‌ لاوە‌كییە‌كان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌ بە‌غدا تا ئە‌وكاتە‌‌ی دە‌گە‌نە‌ میكانیزمێكی گونجاو، بە پشتبە‌ستن بە‌ دە‌ستور، بە مەبەستی چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌ یاسایی و تە‌كنیكییە‌كان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وابڕیارە سبەینێ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی دەروازە سنوری و نێودەوڵەتییەکان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.