سەردێڕ:

وردەکاری کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ

فۆتۆ: 
2020-09-09

149025 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، یەکێک لەو کچە کوژراوانەی ئەمڕۆ لە نزیک چەمچەماڵ دۆزرانەوە، لەدایکبووی ٢٠٠٠ و ئەوی دیکەشیان ٢٠٠٣یە و هاوکات، کەسیشیان هاوسەرگیریان نەکردووە.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو روویداوە و بەهۆی کێشە و لێکترازانی کۆمەڵایەتییەوە بووە.

دەشڵێت، کە دوو خوشکەکە دایکی خۆیان لەگەڵیاندا نەژیاوە و دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی چەند رۆژێک، ناوەندی توندوتیژی خێزانی چەمچەماڵ سکاڵای لەسەر باوکیان تۆمارکردووە.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا تەنیا گومان لە باوکی کچەکان هەیە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە و تا ئێستا نادیارە و هێزەکانی پۆلیس بە شوێنیەوەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەم دوو کچە لە مانگی تەمموزی رابردوودا خۆیان گەیاندووەتە شێڵتەری سلێمانی بەرگری لە مافی ژنان و دواتر باوکیان واژۆی کردووە کە ئازاریان پێناگەیەنێت و لە مانگی رابردوودا بردونیەتەوە.

لەبارەی چۆنێتی ناشتنیانەوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی وت، کە ئەو دوو کچە بە فیشەک کوژراون و دواتر، چاڵێکی ٦٠ سانتیمیان بۆ هەڵکەندراوە و تیایدا دانراون.

هاوکات، لەبارەی چۆنێتی و چەندێتی ئەو فیشەکانەی پێیانەوە نراوە، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، چاوەڕێی پزیشکی دادوەری دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە و پێدانی زانیاریی ورد و تەواو لەبارەیانەوە.

گۆران لوقمان، سلێمانی