سەردێڕ:

نەوەی نوێ بۆ شارەوانى سلێمانى: دەتوانین زەوى بۆ گۆڕستانى بێبەرامبەر دابینبکەین

فۆتۆ: 
2020-09-09

5535 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوا لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەکات ئەگەر زەوییان هەیە، بۆ دروستکردنى گۆڕستانێک بە خۆڕایی ئاگاداریان بکەنەوە تا ئامێری پێویستیان بۆ دابینبکەن، ئەگەر زەویشیان نییە، وەڵامیان بدەنەوە تا لای خۆیانەوە زەوی تایبەت دابینبکەین.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسراوێکى فەڕمیدا کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانیان کردووە، ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەوان پێشتریش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە خزمەتگوزاریی گۆڕستانی نوێی شاری سلێمانی لە ئەستۆبگرن، ئێستاش رایدەگەیەنن ئەگەر شارەوانى زەوی دیاریکراویان بۆ ئەو مەبەستە هەیە، جوڵانەوەکە بە پلانی ئەندازیارییانە و نەخشەی گونجاوی سەردەمییانە، خزمەتگوزارییەکان و ئامێری بۆ دابیندەکەن و لەبەر بەرژەوەندی گشتیی بەبێ بەرامبەر و بەخۆڕایی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاوڵاتیان دەکەن.

جوڵانەوەکە دەشڵێت، ئەگەر شارەوانى سلێمانى زەویی تایبەتیان نییە، ئەوان زەوى تایبەت بە گۆڕستانێکى خۆڕایی بۆ هاوڵاتییان دابیندەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتى هەرێم بڕیاریداوە ناشتنى مردوو لە گۆڕستانە نوێیەکەى سلێمانى بکرێت بە پارە، ئەو کۆمپانیایەى کە تایبەتە بە ناشتنی مردووانیش لە سلێمانی رایگەیاند، نرخی گۆڕی منداڵی خوار ١٢ ساڵ ١٧٥ هەزارە و بۆ سەروو ئەو تەمەنەش ٢٦٠ هەزارە.

هەر پاش بڕیارەکەی حکومەت، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بڕیاریانداوە کە چەند دۆنم زەوییەک لە سنوری شاری سلێمانی بکڕن و ئامێری پێویست دابینبکەن، بە مەبەستی هەڵکەندنی گۆڕ و دابینکردنی بەبێ بەرامبەر بۆ هاوڵاتیان.