سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. نهێنی مانای ساڵنامەی کوردی

فۆتۆ: 
2020-09-09

3227 جار خوێندراوەتەوە

هەرکاتێک پرسیارت لێ بکرێ تەمەنت چەندە؟ تۆ ئاماژە بەساڵێک دەکەیت، یان ساڵانە ڕۆژی لەدایکبوونت دەکەیت بە ئاهەنگ، بەرواری کۆڕوکۆبوونەوە تا بەرواری جەنگ و ئاشتی لە ڕۆژو ساڵدا دەستنیشاندەکەی؟ گەر بڵێن ساڵ چییە و ڕیشەکەی لە کوێوە دێت؟ ئایا ساڵ جیێگیرە یان گۆڕاو؟ کە گۆڕاوە ساڵی لە دایکبوونت هاوکاتنییە لەگەڵ ژمارەی ڕۆژەکان، ئێستا لە دایکبونی تۆ لەکاتدایە یان کات لەتۆ؟ ئەمە پرسیارێکە بۆ ئەوانەی زیاتر شەیدای زانینن؟

بەر لەوەی کار و ڕوداوەکان بخرێنە ناو زنجیرەی ساڵ و ڕۆژەوە، بە ڕووداوەکان دیاریدەکرا، ڕووداو وەک چۆن زادەی کاتێکی دیاریکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوەکانی دواتری پێوە دەبەسترایەوە، بۆ نموونە، ئەو ساڵ و کاتەی کە تۆفانی نوح هەستا، یان ئەو ساڵەی یان ئەو کاتەی فڵان نەخۆشی بڵاوبووەوە، لە ناو کوردەواریدا دەوترا ساڵی گرانییە گەورەکە یان ساڵی بەفرە ئەستورەکە، ئەمە بۆ ئەوانەبوو کە بە ڕووداو دابەشکاریدەکەن، نەک بەژمارە.

ساڵنامەی کوردی ساڵنامەیەکی هەتاویە و پەیوەستە بە جوڵەکانی سروسشتەوە، ئەگەرچی لە سەر مێژووی ساڵنامەی کوردی جیاوازی هەیە کە ٧٠٠ ساڵی بەر لە زاین ئەژماربکرێت و دەستپێکی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی مادد لە لایەن دایاکۆوە دیاریبکرێت، یان بگەڕێنەوە بۆ کاتێکی زوتر کە ٦١٢ی بەر لە زاینە و هاوکاتی ڕوخانی "دەسەڵاتی ئاشوریەکانە لەلایەن" کەی خوسرەو، یان بەشێکیتر بڕوایان وایە کە ناوچەی دەسەڵاتداریەتی مادد، چەندان گەل و نەتەوەی تری تێدا دەژیان، گەر فەرمانڕەوایەتی ئەوان داریبکرێت، ئەوا ژمارەکە گۆڕانی بەسەردادێت، یاخود بەر لە وادەی دامەزراندنی مادد، هەریەک لە "خۆری، کارۆخی،  سوباری" بونیان هەبووە و بە کەسە یەکەمینەکانی کورد دادەنرێن.

بەڵام بەگشتی ساڵنامەی کوردی، ٧٠٠ ساڵی بەر لەزاینی بۆ ئەژمارکراوە و دابەشبووە بەسەر چوار وەرزدا و هەر وەرزێک لە سێ مانگدا جێگیرکراوە، شەش مانگی سەرەتای ساڵ ٣١ ڕۆژە، پێنج مانگی کۆتا ٣٠ ڕۆژە، مانگی کۆتایی ٢٩ ڕۆژە و لە ساڵە پڕەکاندا ٣٠ ڕۆژە.

ناوی مانگەکان بە پێی وەرزەکان وناوەڕۆکی کارکردن دیاریکراوە بەو جۆرە:

-وەرزی بەهار:

مانگی یەک - ( نەورۆز) ناوی دووەمی خاکە لێوە: لەم وەرزەدا زەویەکان دەکێڵدرێن و دەشت و دەر سینەی بەڕوی تۆوەکاندا دەکاتەوە چەشنی لێو، واتە ئەوکاتەی توێژاڵی خاک وەک لێوی کراوەی لێدێت، ئەمە سەرەتای نوێبونەوە و ناوی یەکەم مانگی ساڵی ساڵی کوردییە.

مانگی دوو - (گوڵان) ناوی دووەمی بانەمەڕە: دوای تێپەڕینی وەرزی یەکەم و چەکەرەکردنی تۆوەکان، گیاکان بەرەو چرۆکردن دەچن و دەشتودەر بە گوڵ دەتەنرێت، یان بۆ ناوی دووەمی دەڵێن، مەڕوماڵاتەکان ڕووە و هەوارگەکان بار لێدەنێن و دەڕۆن.

 مانگی سێ - جۆزەردان: سێیەم مانگی ساڵی کوردییە، لەو مانگەدا جۆ بەرەو زەردبوون و گەیشتن دەڕوات و دەستدەکرێت بە دروێنەکردن.

-وەرزی هاوین:

مانگی چوار - پوشپەڕ: لەم مانگەدا پلەکانی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە و پوشی پێدەشت و قەد پاڵەکان بە شنەبایەک دەپەڕێت.

مانگی پێنج - گەلاوێژ: لەم مانگەدا ئەستێرەی گەلاوێژ دەنگوێت و پلەی گەرما لە بەرزبوونەوە دەوەستێت و ڕوو لە کشانەوە دەکات.

مانگی شەش - خەرمانان: لەو مانگەدا دروێنە دەکرێت و جوتیاران دەستدەکەن بە هەڵگرتنی خەرمانەکانیان.

-وەرزی پایز:

مانگی حەوت - ڕەزبەر: ئەو مانگە مانگی پێگەیشتنی بەروبوم و ڕەزەکانە، بەتایبەت ڕەزی ترێ.

مانگی هەشت - گەڵاڕێزان، ناوی دووەمی خەزەڵوەر: لەم مانگەی ساڵدا، دارەکان خۆیان دەتەکێنن و گەڵاکانیان دەوەرێت.

مانگی نۆ - سەرماوەز: لەم مانگەدا شەپۆلی سەرما دێت، "وەز" لە لێکدانەوەکاندا بەواتای شەپۆل دێت، بۆیە زەوی بەرەو شەپۆلێکی سەرما هەنگاو دەنێت.

-وەرزی زستان:

مانگی دە - بەفرانبار: لەو مانگەدا بەفر دادەبارێت و ناوچەکان بە ڕەنگی خۆی دەنەخشێنێێت و سەری چیاکان وەک مەندیل دەگرێت.

مانگی یانزە - ڕێبەندان: ئەو مانگە مانگی گیرانی جادە و بانەکانە بەهۆی بەفر و بارانی زۆر و بەستنی ڕێگاکان بەهۆی سەرماوە، لە کوردیدا " بەند" بە واتای بەستنیش دێت.

مانگی دوانزە - ڕەشەمێ:  لەو مانگەدا زاوزێی ئاژەڵان دەستپێدەکات و خۆرەتا و بەجۆرێک خۆشدەبێت کە خەڵک خۆی دەخاتە بەری و بەهۆی خۆرەتاوەکە ڕەنگیان ڕەش دادەگەڕێت.

هەرگەل و نەتەوەیەک کە خاوەن ڕابوردوویەکی درێژبێت، هەوڵیداوە ساڵ و مانگی تایبەت بەخۆی هەبێت، جووەکان ساڵی عیبریان هەیە، مەسیحیەکان ساڵی زاینی، عەرەبەکان ساڵی کۆچی کە وەک ساڵی ئاینی دانراوە لەلایەن "عومەری کوڕی خەتاب"، چینیەکان ساڵی تایبەت بەخۆیان هەیە، هاوکات ئێرانیەکانیش ساڵی هەتاوی، بەڵام هیچیان ئەوەندەی ساڵی کوردی تەبانین کە ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ ناوەکەیدا هەماهەنگە و لەبەرکردنیان ناوێ، تەنها ئەوەندە بەسە سەیری زەویبکەیت و بزانی لە چ وەرز و چ مانگێکی ساڵدایت.

شارەزایان باوەڕیان وایە، کە ئەو گەلەی ڕێز لە شتەکانی خۆی نەگرێت و شوێنکەوتەبێت، بەجۆرێک دەقدەگرێ سەرجەم شتەکانی خۆی لا نامۆ دەبێت تا ئاستێک کە بەسوکایەتی و گاڵتە جاڕی لێی بڕوانرێ.