سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری نوێ لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی لە هەولێر و دهۆک ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-09-09

3329 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی تا ئێستا هیچ داوایەکی یاسایی لەسەر ئێن ئاڕ تی لە دادگاکانی هەولێر بوونی نییە، بەو پێیەش ئەو لێدوانانەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم لەبارەی بوونی سکاڵا لەسەر کەناڵەکە داویەتی دوورن لە راستییەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لەگەڵ بەدواداچوونی پارێزەرێکی بیانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەدادگاکانی هەولێر هیچ داوایەکی یاسایی لەسەر ئێن ئاڕ تی تۆمارنەکراوە و هیچ کەیسێک لەو دادگایانە لەسەر ئێن ئاڕ تی بوونی نییە، بەو پێیەش هەموو ئەو لێدوانانەی کە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم سەبارەت بە بوونی سکاڵا و دادگاییکردنی ئێن ئاڕ تی داویەتی، ناڕاست بوون و ئەو کەسە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ڕاستگۆ نەبووە.

هاوکات، بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵەکە لە هەولێر و دهۆک بڕیارێکی شەخسیە و کارێکی نائاسایی و دژ بە سەرەتاییترین پرەنسیپەکانی ئازادی کاری میدیایی و ئازادی رادەربڕینە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە، دیندار زێباری لە ئیمێڵێکی تایبەتدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە داخستنی نوسینگەکانی کەناڵەکە لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری بووە و هێشتا کارەکانی دادگا تەواونەبوون بۆیە دادگاییکردنەکەی ٩ی ئەیلولی کەناڵەکە بەڕێوەناچێت، لە بەرامبەردا، محەمەد حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بێ ئاگاین لە داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی و داخستنی نوسینگەکان پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە."

هاوکات، شیروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "وەکو خۆم و وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەسەڵاتی راگرتن و داخستنی هیچ کەناڵێکم لانییە و بۆ داخستن و کردنەوەی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی دەبێت رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگیرێت."

لە ١٩ی ئابی رابردوودا بە زەبری هێز، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک دەستیان بەسەر نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا گرت و بۆ رۆژی دواتریش ٢٠ی ئاب، نوسینگەی کەناڵەکە لە شاری هەولێر داخرا.

لە ٢٨ی ئابیشدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە "توندوتیژی و گێرەشێوێنی" نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی داخراون و رۆژی ٩ی مانگی ئەیلول ئێن ئاڕ تی دادگایی دەکرێت.

داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تیش کاردانەوەی نوسەر و رۆژنامەنوس و میدیاکار و چەندین رێکخراو و لایەنی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەوبارەیەشەوە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچی زووترە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ نوسینگە داخراوەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک بکرێت و مافی کارکردنیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

لەو بارەیەوە زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی یەوە رایگەیاند، داخستی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌لای ئەوانەوە هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێلكردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه‌، وتیشی، "نه‌كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و نه‌كاری میدیاكاری به‌ تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان و لۆكاڵیه‌كان هه‌تا ئێستا لە هەرێم ڕێكنه‌خراون."

هاوکات، کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) رایگەیاندبوو، دەبێت ئیتر دەسەڵاتدارانی هەرێم واز لە هەراسانکردنی ئێن ئاڕ تی بهێنن و بەبێ مەرجیش رۆژنامەنوسەکانی ئازاد بکەن، راشیگەیاندبوو، "دەبێت رێگە بە ئێن ئاڕ تی بدرێت بە ئازادیی رووماڵ بکات."

لەلایەکی دیکەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان باسی لەوەکردبوو، داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکانی، مەحەکن بۆ قبوڵنەکردنی جیاوازی.

هـ.ئـ