سەردێڕ:

پۆلیس لەبارەی کوشتنی دوو کچ لەلایەن باوکیانەوە لە چەمچەماڵ روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-09-09

174750 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ رایگەیاند، زانیارییان لەبارەی کوژرانی دوو کچ لەلایەن باوکیانەوە پێگەیشتووە و لە ئێستاشدا لەبارەی رووداوەکەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، سەرچاوەیەکیش لە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێت، تەرمەکانیان دۆزیوەتەوە.

محەمەد عەبدی بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، زانیاریان لەبارەی کوژرانی دوو کچ لە گوندێکی سنوری چەمچەماڵ پێگەیشتووە، کە بە وتەی خەڵکی گوندەکە لەلایەن باوکیانەوە کوژراون و باوکیان هەڵهاتووە.

باسی لەوەشکرد، هیچ بەڵگە و شوێنەوارێکی رووداوی کوشتنەکە لە خانووەکەیاندا دیارنییە و پۆلیس لەو گوندە و تەواوی سنوری چەمچەماڵدا بە چڕی دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی رووداوەکەوە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا تەرمی دوو کچەکە لە گۆڕستانێکی گوندێکی دیکەی سنوری چەمچەماڵ دۆزراونەتەوە، کە شاردرابوونەوە و چاوەڕێی فەرمانی دادوەر دەکەن بۆ دەرهێنانی تەرمەکان و دەستکردن بە لێکۆڵینەوە.

رزگار جەبار، چەمچەماڵ