سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی تورکیا: پەکەکە دەستی بەسەر سلێمانیدا گرتووە

فۆتۆ: 
2020-09-08

25565 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە دەستی بەسەر سلێمانیدا گرتووە و دەیەوێت دەستبەسەر هەولێریشدا بگرێت. دەشڵێت، "ئەمەمان بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی لە هەوڵەکانی بۆ جیاکردنەوەی تورکیا سەرنەکەوت، پەکەکە دەستی بەسەر هەزار گونددا گرتووە و مەبەستی پەکەکە دەستبەسەرداگرتنی هەولێرە." دەشڵێت، لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەنقەرە، گفتوگۆیان لەوبارەیەوە کردووە و پێشیان راگەیاندووە، "پێمان سەیر نابێت ئەگەر پەکەکە هێرشبکاتە سەر هەولێر."

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، "پەکەکە زۆرترین زیانی بە کورد گەیاندووە و ئێمە ئەم بابەتەمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، بە واتایەکی دیکە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا باسکردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا پەکەکە بە تەواوی دەستی بەسەر پارێزگای سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا گرتووە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت، "وەک ئەوەی پارتی و بارزانی باسی لێوە دەکەن، پەکەکە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە جێبەجێدەکات و بە زۆر دەیەوێت منداڵان ببات بۆ شاخ و منداڵانی ئێزیدی چەکداردەکات".

لە چەند رۆژی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی پاش تێپەڕبوونی ٧٢ کاتژمێر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسادا سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆبووەوە، ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، تورکیا بەردەوام بە بیانوی بوونی پەکەکە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کردووە و لەم دواییانەشدا و لە بۆردومانێکدا، سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنوری عێراق کوژران، کە دووانیان فەرماندە بوون.