سەردێڕ:

وەزیری رۆشنبیری: ئێمە بڕیارمان لە داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی نەداوە

فۆتۆ: 
2020-09-08

4253 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری رۆشنبیری رایگەیاند، داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە وەزارەتەکەیەوە نییەوە و ئاگایان لێی نییە. دەشڵێت، داخستنی نوسینگەکان پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دیندار زێباری، رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە ئیمەیڵێکی تایبەتدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە داخستنی نوسینگەکانی کەناڵەکە لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری بووە، لە بەرامبەردا، محەمەد حەمەسەعی، وەزیری رۆشنبیری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بێ ئاگاین لە داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی."

لەلایەکی دیکەوە، شیروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "وەکو خۆم و وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەسەڵاتی راگرتن و داخستنی هیچ کەناڵێکم لانییە."

وتیشی، رەنگە ئەو بابەتە پەیوەندی بەلایەنی ئەمنییەوە هەبێت، نەک پەیوەندی بە لادان لە کواڵیتی و بەرنامەی میدیایی کەناڵەکەوە.

ئەوەشی وت، کە بۆ داخستن و کردنەوەی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی دەبێت رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگیرێت.

باسی لەوەشکرد، کەناڵەکان دەتوانن لای ئەوان سکاڵا بکەن، بەڵام ئێن ئاڕ تی نەڕۆشتووەتە لایان تا کاری لەسەر بکەن.

ئەمڕۆ دیندار زێباری راشیگەیاندبوو، کە داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک لەسەر داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و داواکاری گشتی بووە و هاوکات، لەبەرئەوەی دادگا هێشتا کارە پێویستیەکانی تەواونەکردووە، هەربۆیە سبەینێ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی کەناڵەکە ناکرێت.

پێشتر و لە ٢٨ی ئابدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە "توندوتیژی و گێرەشێوێنی" نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی داخراون و رۆژی ٩ی مانگی ئەیلوول ئێن ئاڕ تی دادگایی دەکرێت.

لە ١٩ی ئابی رابردوودا بە زەبری هێز، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک دەستیان بەسەر نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا گرت و بۆ رۆژی دواتریش ٢٠ی ئاب، نوسینگەی کەناڵەکە لە شاری هەولێر داخرا.

داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تیش کاردانەوەی نوسەر و رۆژنامەنوس و میدیاکار و چەندین رێکخراو و لایەنی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەوبارەیەشەوە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچی زووترە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ نوسینگە داخراوەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک بکرێت و مافی کارکردنیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

هەر ئەمڕۆش زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی یەوە رایگەیاند، داخستی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌لای ئەوانەوە هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێلكردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه‌، وتیشی، "نه‌كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و نه‌كاری میدیاكاری به‌ تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان و لۆكاڵیه‌كان هه‌تا ئێستا لە هەرێم ڕێكنه‌خراون."

هاوکات، کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) رایگەیاندبوو، دەبێت ئیتر دەسەڵاتدارانی هەرێم واز لە هەراسانکردنی ئێن ئاڕ تی بهێنن و بەبێ مەرجیش رۆژنامەنوسەکانی ئازاد بکەن، راشیگەیاندبوو، "دەبێت رێگە بە ئێن ئاڕ تی بدرێت بە ئازادیی رووماڵ بکات."

لەلایەکی دیکەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان باسی لەوەکردبوو، داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکانی، مەحەکن بۆ قبوڵنەکردنی جیاوازی.

کارزان تارق، سلێمانی