سەردێڕ:

دیندار زێباری: داخستنی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری بووە

فۆتۆ: 
2020-09-08

3848 جار خوێندراوەتەوە

رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی یەوە رایگەیاند، داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک لەسەر داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و داواکاری گشتی بووە، دەشڵێت، "دادگا هێشتا کارە پێویستیەکانی تەواو نەکردووە، بۆیە سبەینێ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی کەناڵەکە ناکرێت."

ئەمڕۆ سێشەممە، دیندار زێباری رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە ئی مەیڵێکی تایبەتدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێمە پەیوەدنیمان بە فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بەم باتەوە کردووە و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیش وەڵامی ئەوەیداوەتەوە، کە نوێنەری ئێن ئاڕ تی سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی وەزارەت و هیچکام لە دەسەڵاتەکانی پەیوەندیدار نەکردووە و هیچ داواکارییەکیشیان لەبارەی داخستنی نوسینگەکانیان پێشکەش نەکردووە."

دەشڵێت، "وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هیچ دەستپێشخەرییەکی لەو بارەوەیەوە نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی بەشی پەیوەندییەکانی وەزارەتەکە باس لەوەدەکات کە ئێن ئاڕ تی چەندین جار و لەسەر یەک لە بابەتی تەشهیرکردن و پەخشکردنی بەرنامەی نابابەتی و شیکاری ڕووداوەکان تێوەگلاوە و هۆکاری نانەوەی پشێوی گشتی بووە و بەشداری تێداکردووە، کە ئەمانە بە پێشێلکردنی یاساکانی هەرێم و ڕینماییەکانی دادەنرێن."

دیندار زێباری ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێش ئەوەی داوا یاساییەکە لەسەر ئێن ئاڕ تی تۆماربکرێت، چەندین جار ئاگادارکراونەتەوە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و داواکاری گشتیش لە رێگای دادگاوە داوای وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردنیان لە کەناڵەکە کردووە."

باسی لەوەشكردووە، "بیانووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئێن ئاڕ تی لە رێنمایەکان دەرچووە و رێنماییەکانی پێشێلکردووە، کە ئەوانەش پەیوەستن بە ئاسایشی گشتیەیەوە" دەشڵێت، "دادگا هێشتا کارە پێویستیەکانی تەواو نەکردووە، بۆیە سبەینێ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکە ناکرێت."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ٢٨ی ئابدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە "توندوتیژی و گێرەشێوێنی" نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی داخراون و رۆژی ٩ی مانگی ئەیلوول ئێن ئاڕ تی دادگایی دەکرێت.

لە ١٩ی ئابی رابردوودا بە زەبری هێز، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک دەستیان بەسەر نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا گرت و بۆ رۆژی دواتریش ٢٠ی ئاب، نوسینگەی کەناڵەکە لە شاری هەولێر داخرا.

داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تیش کاردانەوەی نوسەر و رۆژنامەنوس و میدیاکار و چەندین رێکخراو و لایەنی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەوبارەیەشەوە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچی زووترە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ نوسینگە داخراوەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک بکرێت و مافی کارکردنیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

هەر ئەمڕۆش زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی یەوە رایگەیاند، داخستی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌لای ئەوانەوە هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێلكردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه‌، وتیشی، "نه‌كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و نه‌كاری میدیاكاری به‌ تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان و لۆكاڵیه‌كان هه‌تا ئێستا لە هەرێم ڕێكنه‌خراون."

هاوکات، کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) رایگەیاندبوو، دەبێت ئیتر دەسەڵاتدارانی هەرێم واز لە هەراسانکردنی ئێن ئاڕ تی بهێنن و بەبێ مەرجیش رۆژنامەنوسەکانی ئازاد بکەن، راشیگەیاندبوو، "دەبێت رێگە بە ئێن ئاڕ تی بدرێت بە ئازادیی رووماڵ بکات."

لەلایەکی دیکەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان باسی لەوەکردبوو، داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکانی، مەحەکن بۆ قبوڵنەکردنی جیاوازی.

هـ.ئـ