سەردێڕ:

زیا پترۆس: داخستنی ئێن ئاڕ تی هەڵەیە و پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕینە

فۆتۆ: 
2020-09-08

1585 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی یەوە رایگەیاند، داخستی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌لای ئەوانەوە هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێلكردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه‌، دەشڵێت، "نه‌كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و نه‌كاری میدیاكاری به‌ تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان و لۆكاڵیه‌كان هه‌تا ئێستا لە هەرێم ڕێكنه‌خراون."

زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم لەبارەی داخستنی نوسینگه‌كانی ئێن ئاڕتی و ده‌نگۆی داخستنی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ڕێگای دادگاوه‌ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "به ‌به‌رده‌وام ئێمه‌ قسه‌مان هه‌بووه‌ و چه‌ند جارێكیش له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ریان قسه‌م کردووە كاتێك هه‌ر حاڵه‌تێك ڕوویدابێت له‌ په‌لاماردان، سوتاندنی كه‌ناڵه‌كه‌یان و گرتنی په‌یامنێره‌كانیان، ئێمه‌ به‌به‌رده‌وامی فشارمان خستووەته‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی ئێره‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێن ئاڕ تی ڕوویدا كه‌ سه‌ر به‌لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆنه‌."

زیا پترۆس ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داخستی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌لای ئێمه‌ وه‌كو ئازادی ڕاده‌ربڕین هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و پێشێلكردنی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌نوسانه،‌ به‌ڵام لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هه‌یه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان کە وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌، پێویسته‌ ئه‌و چاودێری ئه‌م بارودۆخه‌ بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و نه‌كاری میدیاكاری به‌ تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان و لۆكاڵیه‌كان هه‌تا ئێستا ڕێكنه‌خراون و یاسایه‌كی له‌وجۆره‌مان نییه‌ كه ‌به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ندێك جار گرژی تێده‌كه‌وێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوان ئێمه‌ لایه‌نێكی چاودێرن و جێبه‌جێكار و‌ دادوه‌ری نین، دەشڵێت، ئه‌ركیان ئه‌وه‌یه‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن بۆ ده‌سنیشانی هه‌ر پێشێلكارییه‌كی مافه‌كانی مرۆڤ كه‌ ڕووده‌دات و ڕاپۆرت بەرزبکەنەوە و‌ په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی ئه‌منی و پۆلیس بکەن، بۆئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن ئه‌وه‌ی ده‌كرێت هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان نییه‌ كه‌ بڕیار وه‌ربگرن.

لەبارەی گوێگرتنی لایەنە پەیوەندیدارەکانیشەوە رایگەیاندووە، "هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ گوێمان لێده‌گرن و هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ گوێ ناگرن، گوێ نه‌گرتنی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش به ‌ڕاپۆرت و قسه‌ی ئێمه‌ له‌ ڕاپۆتی خۆمان تۆمارده‌كه‌ین و ده‌ڵێن حاڵه‌تێكی له‌و جۆره‌ ڕوویدا و ویستمان چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ڵام نه‌كراوه‌ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ داواكاری گشتی ده‌هێنینه‌ سه‌ر خه‌ت."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ١٩ی ئابی رابردوودا بە زەبری هێز، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک دەستیان بەسەر نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا گرت و بۆ رۆژی دواتریش ٢٠ی ئاب، نوسینگەی کەناڵەکە لە شاری هەولێر داخرا.

داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی کاردانەوەی نوسەر و رۆژنامەنوس و میدیاکار و چەندین رێکخراو و لایەنی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەوبارەیەشەوە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچی زووترە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ نوسینگە داخراوەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک بکرێت و مافی کارکردنیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

هاوکات، کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) رایگەیاندبوو، دەبێت چیتر دەسەڵاتدارانی هەرێم واز لە هەراسانکردنی ئێن ئاڕ تی بهێنن و بەبێ مەرجیش رۆژنامەنوسەکانی ئازاد بکەن، راشیگەیاندبوو، "دەبێت رێگە بە ئێن ئاڕ تی بدرێت بە ئازادیی رووماڵ بکات."

لەلایەکی دیکەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان باسی لەوەکردبوو، داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکانی، مەحەکن بۆ قبوڵنەکردنی جیاوازی.