سەردێڕ:

ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-08

1485 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و پرسەکانی نەوت و بودجە تاوتوێ بکەن.

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی رایگەیاندووە، کە ئەمڕۆ سێشەممە شاندی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ھەمان شاندی ڕابردووە، سەردانی بەغدا دەکات.

هاوکات، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم کە بڕیاربوو لەگەڵ شاندەکەدا ئەمڕۆ بچێتە بەغدا، بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشداری سەردانەکە ناکات.

فارس عیسا باسی لەوەشکردووە، لە سەردانەکەدا پرسەکانی، بودجەی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە، هەروەها دۆسیەی نەوت، لەنێوان شاندی هەرێم و عێراق تاوتوێ دەکرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەر کاتێک رێککەوتنی سیاسی لەسەر بودجە و نەوت کرا، دواتر ئەو رێککەوتنە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر دەکرێت.

لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێک شاندی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام لەسەر پرسی نەوت و موچە نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، پێشتریش بڕیاربوو شاندەکە ڕۆژی یەکشممەی ڕابردوو بچێتە بەغدا بەڵام دواتر سەردانەکە دواخرا و بەرپرسانی هەرێمیش باسیان لەوەکردبوو کە هۆکارەکەی تەکنیکی بووە.