سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. بەهۆی شۆرتی کارەباوە لە زاخۆ چەند خێمەیەکی ئاوارەکان سوتان

فۆتۆ: 
2020-09-07

1265 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک رایگەیاند، لە کەمپی چەمشکۆی ئاوارە ئێزیدییەکان لە قەزای زاخۆ ئاگرکەوتەوە و بەوهۆیەوە ١٠ خێمە سوتان، دەشڵێت، دوای رووداوەکە بە یارمەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە شارەکەدا پێداویستیان بۆ ئەو کەسانە دابینکردووە، کە زیانیان بەرکەوتووە.

کاروان زەکی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمشەو بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە کەمپی چەمشکۆی ئاوارە ئێزیدییەکان لە قەزای زاخۆدا کەوتووەتەوە و ئاگرەکە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەو رووداوەوە ١٠ خێمەی ئاوارەکان سوتاون و جگە لە زیانە ماددییەکان، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، دەشڵێت، لە ئێستادا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

باسی لەوەشکردووە، دوای رووداوەکە بە یارمەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دهۆک، خێمە و پێداویستی خواردن و ناوماڵیان بۆ ئەو کەسانە دابینکردووە، کە زیانیان بەرکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەوە ناسنامە و پاسپۆرتەکانیان سوتاوە بۆیان نوێدەکرێتەوە.