سەردێڕ:

ئێران لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە بۆسەر هەرێم هەڵوێستی خۆی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-09-07

25447 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم هەڵوێستى خۆى رایگەیاند و دەڵێت، نابێت تورکیا سەروەری خاکی عێراق پێشێلبکات.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، "پرسی کوردستان بۆ ئێران پرسی نیشتمانێکە و ئەوەی روودەدات ئێمە وەک بابەتێکی کوردی نایبینین."

باسى لەوەشکردووە، "گروپە چەکدارەکان لە سنوری هاوبەشی عێراق، ئێران و تورکیا کەڵکی ناڕەوا وەردەگرن و هەندێکیان بارەگا و کەمپیان لە عێراق دروستکردووە و هێرش دەکەنە سەر سەربازەکان."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "یەکپارچەیی خاکی عێراق بۆ ئەوان هێڵی سوور بووە و هەیە، هەندێک نیگەرانیش هەیە کە تورکیا باسی دەکات و ئێمە پێمان وتووە، کە نابێت دەستدرێژی بکرێتە سەر سەروەری خاکی عێراق."

لە ماوەی رابردوودا، بە بیانوی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمدا لە ھێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەکانی تورکیادا سێ سەربازی پاسەوانی سنوری عێراق کوژران، کە دووانیان فەرماندەبوون، بەوھۆیەوە عێراق چەند رێکارێکی بەرامبەر بە تورکیا گرتەبەر بەوەی دووجار بانگھێشتی باڵیۆزی تورکیای لە عێراق کرد و نامەی ناڕەزایەتیان گەیاندە دەسەڵاتدارانی تورکیا و سەردانی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەش بۆ بەغدا ھەڵوەشێنرایەوە.