سەردێڕ:

کەسوکاری تاریقی بەقاڵ زانیاری نوێ لەبارەی کەیسەکەوە دەخەنەڕوو

فۆتۆ: 
2020-09-07

21732 جار خوێندراوەتەوە

خوشکێکی تاریقی بەقاڵ رایگەیاند، ئەو سێ کەسەی کە بە تاوانی کوشتنی براکەیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە باسی ئەوەیان کردووە لە ژێر فشاری هێزە ئەمنییەکاندا وتویانە تاریقیان کوشتووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کەسوکاری تاریقی بەقاڵ باسی ئەوەشیان کرد، لە کاتی دادگای کردنی تۆمەتباری چوارەمدا، ئەو سێ کەسەی کە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لەبەردەم دادوەر رەتیان کردووەتەوە کە تاریقیان کوشتبێ بەڵکو باسیان لەوە کرد لە ژێر فشاری هێزە ئەمنییەکان ناچار کراون، کە دان بە تاوانی کوشتنی تاریقی بەقاڵدا بنێنن.

ئێن ئاڕ تی دوای هەوڵی زۆریش نەیتوانی لە دەزگا ئەمنییەکان و دادگا ئەو زانیارییانە پشتڕاست بکاتەوە.

تاریقی بەقاڵ لە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، لەدوای ئەوەی بەرەو ماڵەوە بەڕێدەکەوێت، بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بێسەروشوێن بوو، بەڵام لە دوای چوار مانگ ئاسایشی سلێمانی دۆزینەوەی تەرمەکەی لەنێوان گەڕەکی راپەڕین و قولەرەیسیدا لە شاری سلێمانی و دەستگیرکردنى بکوژەکانى راگەیاند.

تاریق رۆستەم ناسراو بە تاریقی بەقاڵ، تەمەنی ٣٩ ساڵ بووە، خاوەنی ٤ منداڵە و ١٠ خوشک و برایەکی هەیە.