سەردێڕ:

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی: زۆربەی قەیرانی کۆرۆنا دروستکراوی دەسەڵاتی سیاسی و بازرگانانن

فۆتۆ: 
2020-09-07

9244 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی راگەیاندراوێکی لە ژێر ناوی "رووتاندنەوەی خەڵک بە ناوی پشكنین و چارەسەری کۆرۆناوە راگرن" بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بەشێکی زۆری قەیرانی پەتای کۆرۆنا دروستکراوی دەستی دەسەڵاتی سیاسی و بازرگانەکانی کەرتی تایبەتی تەندروستین."

لە راگەیاندراوەکەی تۆڕی پاراستنی تەندروستیدا هاتووە، "رۆژ لەدوای رۆژ قەیرانی پەتای کۆرۆنا قوڵتر و ئاڵۆزتر و کوشندەتر دەبێت، بە دیوێکدا، قەیرانەکە دەرئەنجامی ڕووداوێکی سروشتیە لە شێوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە، بەڵام بەدیوەکەی تردا، بەشێکی زۆری قەیرانەکە دروستکراوی دەستی دەسەڵاتی سیاسی و بازرگانەکانی کەرتی تایبەتی تەندروستین."

ئاماژە بەوەشكراوە، "هیچ ماڵێک لە وڵاتە ئازیزەکەمان نەماوە ئەم پەتا کوشندەیە ڕووی تێنەکردبێت، بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێنەدان و نەزانیی دەسەڵاتی تەندروستی و سیاسیەوە، پەتاکە رۆژ لەدوای رۆژ لە تەشەنەدایە، ژمارەیەکی زۆری ئازیزان و خۆشەویستانمان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەدەستدا کە دەکرا ڕێگری لە مردنیان کرابا، بەداخەوە دەسەڵات لە کاتێکدا شکستیهێنا لەوەی ڕێگری لە مردنیان بکا، لە پاش کۆچی دوایشیان دەیەوێ لەڕێی وەرگرتنی پارەی قەبرانە تەنانەت لە مردنی ئازیزانیشمان قازانج بکا، ئەوانەیشی کە هێشتا زوڵم و ناحەقیەکانی دەسەڵات و کۆرۆنا نەیکوشتون، هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی تاڵانکردنن لە لایەن دەسەڵات و بازرگانەکانی تەندروستیەوە."

باس لەوەشکراوە، "دەسەڵاتی تەندروستی لە دەزگا فەرمیەکاندا کەوتووەتە وێزەی خەڵک و لەبەرامبەر پشکنینێکی کۆرۆنا دەیان هەزار دینار وەردەگرێ، هاوکات بواریشی بە بازرگانە چاوچنۆکەکانی تەندروستی داوە بە ئارەزووی خۆیان و گورگ ئاسا پەلاماری خەڵک بدەن و بەناوی پشکنین و چارەسەری کۆرۆناوە پارە لە خەڵک وەردەگرن."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "پەتای کۆرۆنا کارەسات و بەڵایەکی سروشتی سەختە، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ کارەساتە سروشتیەکانی دیکەی وەکو بومەلەرەزە و لافاو...هتد، لەم کاتە ناخۆشانەدا کۆمەڵگا و دەسەڵاتە تەندروستەکان باوەشی پاڵپشتی بۆ یەک دەکەنەوە و بێبەرامبەر هاوکاری لێقەوماوان دەکەن، ئەوەی بیری لێناکرێتەوە پارە کۆکردنەوە و قازانجی ماددییە، وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر پشکنین یا چارەسەری کارەساتێکی سروشتی لە بابەتی کۆرۆنا کت و مت وەکو ئەوە وایە داوای پارە لە کەسێک بکەی کە بەهۆی بومەلەرەزەوە لەژێر خۆڵ و خاشاکدا بێ و ڕزگاری نەکەی تاوەکو بڕێک پارەت نەداتێ، ئەم رەفتارانەی دەسەڵات و بازرگانە تەندروستیەکان ئەوپەڕی نامۆڕاڵی و نابەرپرسیارێتیە و لە جیهاندا وێنەی نییە."

بە هاوڵاتیانیش دەڵێن، "پشکنین و چارەسەری درمێکی وەکو کۆرۆنا کە کارەساتێکی تەندروستی گشتیە بەشێکە لەو مافانەی ئێوە، ئەم مافانە لە هەموو یاسا و ڕێسا جیهانی و لۆکاڵییەکاندا چەسپاوە، بۆیە نابێ ڕێگە بدەین دەسەڵاتی سیاسی و تەندروستی و بازرگانەکانی بوارەکە ئەم خزمەتە سەرەتاییەش بکەنە سەرچاوەیەک بۆ ئەوەندەی تر دەوڵەمەندبونی خۆیان و هەژارخستنی ئێوە و خێزانە سەربەرزەکانتان، تکاتان لێدەکەین لە بەرامبەر ئەم ناحەقی و دەستدرێژیە بێ شەرمە بێدەنگ مەبن، دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن و داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکانی خۆتان بکەن."

دەشڵێن، "ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پشت و پەنا و پشتیوانتان دەبین، بەڵێنتان پێدەدەین کە ئەوەی پێمان بکرێ درێغی نەکەین لە بەرگری لە ئێوەی بەشخوراو و زوڵملێکراو، دەنگی ئێوە دەگەینینە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تەندروستی و مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکان و پشتیوانیی لەو دکتۆر و کارمەندانەی تەندروستی دەکەین کە داوای خۆڕایی کردنی پشکنین و چارەسەری پەتای کۆرۆنایان کردووە و پێویستە هەموومان پێکەوە یەکگرتوبین بۆ سەپاندنی ئەم داخوازیە بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا."