سەردێڕ:

'پڕۆژەیاسای رێکخستنەوەی میدیای ئەلکترۆنی هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی هاوڵاتیان'

فۆتۆ: 
2020-08-15

5604 جار خوێندراوەتەوە

فڕاکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسایەکی بەناوی رێکخستنەوەی میدیای ئەلکترۆنی پێشکەشکردووە، کە لەلایەن بەشێک پەرلەمانتارانی حزبەکانی دەسەڵات و ئەو لایەنانەشی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناودەبەن پاڵپشتی لێدەکرێت.

پڕۆژە یاساکە کە لکێنراوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رێگە بەدەسەڵات دەدات لەسەر کۆمێنتێکیش هاوڵاتیانی ئاسایی روبەڕوی گرتن و سزای زیندان بکاتەوە، بەشێک لە چاودێران و نوسەر و رۆژنامەنوسان پێیان وایە پڕۆژەیاساکە هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی هاوڵاتیان و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان.

فراكسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی هەر کۆمێنتێک لە فەیسبوک مەترسی لەسەر دەسەڵات دروستکرد، نوسەری کۆمێنتەکە بە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دادگایی بکرێت کە سزاکەی دەگاتە ١٥ ساڵ زیندانی.

بۆ پشتگیریی لە پرۆژە یاساکە فراکسیۆنی یەکێتی ئیمزای ٥١ پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی پارتی و گۆڕان و کۆمەڵ و ئەو پەرلەمانتارانەشی تیادایە کە کار بۆ یەکێتی و پارتی دەکەن.

بەپێی یەکێک لە مادەکانی پرۆژە یاساکە کە بەناوی ڕێکخستنی میدیایی ئەلکترۆنییە لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی بڵاوکردنەوەی مادەیەکی میدیایی دا کە بەپێی خاڵەکانی (٢) و (٤)ی مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ى یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەکراون، سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕە سزاکانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.

بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری هەرێمی کوردستان، هەر بابەتێکی بڵاوکراوە یان کۆمێنتێک ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە و ترس بخاتە دڵی هاوڵاتیان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسی هەرێم بکات ئەوا سزاکەی دەگاتە ١٥ ساڵ زیندانی.

بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە و یاسای تیرۆر، دەسەڵات دەتوانێت هاوڵاتییەکی ئاسایی لەسەر نوسینی کۆمێنتێک بۆ خۆپیشاندان یان داواکردنی موچە و مافی خۆی یان ئاشکراکردنی گەندەڵی دەسەڵات و بەرپرسەکانیان بە یاسای تیرۆر دادگایی بکات و سزای ١٥ ساڵ زیندیانیان بدات.

ئەم پرۆژە یاسایە کە لکێندراوەتەوە بە یاسای تیرۆر، راوێژکارێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بەشداربووە لە نوسینەوەیدا و کۆمەڵێک پەرلەمانتاری گۆڕانیش ئیمزایان کردووە، لەکاتێکدا چەند ساڵێک لەمەوپێش لەسەر باسکردنی خۆپیشاندان لەلایەن نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پارتی بە یاسای تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد و دەیویست دادگایی بکات.

بەپێی ڕای زۆرێک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامەنوسان و نوسەران، ئەم پرۆژە یاسایە یەکێکە دەبێت لە مەترسیدارترین یاساکان بۆ سەر ئازادی ڕادەبڕین و ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان گەر لە پەرلەمان تێبپەڕێندرێت.

لە یاداشتێکدا کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆژنامەنوس و یاساناس ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەو پرۆژە یاسایە پێناچێت بۆ ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی بێت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و بێدەنگکردنی هاوڵاتیان.

باسیانلەوەشکردووە، پێویستە هەموو لایەک ئاگاداربێت کە ئەم پرۆژە یاسایەی ئێستا بەردەستە، نەک میدیا بگرە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کۆت و بەند دەکات، کۆمەڵێک ڕێکار و سزا لەخۆدەگرێت پێچەوانەی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسا و رێکارە کارپێکراوەکانی ڕێکخستنی کاروباری حکومڕانییە.

لە لایەکی ترەوە دکتۆر کازم فاروق  سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە بارەی پرۆژە یاساکەوە نوسیویەتی، جارێ با بچن ئەو هەموو میدیا و دەزگا و پەیج و ئەکاونتە ساختانە دابخەن کە لەناو دەزگا جاسوسییەکانی خۆیانەوە سەرپەرشتی دەکرێن، ئیتر پێویست بە یاسا و شت ناکات بە خەڵکی فەقیر وهەژار کە بە یاسا وایلێبکرێت نەتوانێت بە کۆمێنتێکیش داوای حەقی خۆی بکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ڕژێمی پێشووی عێراقیش پێش نزیکبونەوە لە ڕوخان و مەرگی خۆی، کۆمەڵێک یاسا و بڕیاری لەمجۆرەی دەکرد تا دواجار سەری خۆی خوارد.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراوتەوە، لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەی داوای دەرکردنی ئەم یاسایە دەکەن لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی و کۆمەڵ و گۆڕان و ئەوانەشی کڕدراونەتەوە، کۆمەڵێکی زۆریان پێشتر ڕۆژنامەنوس بوون و لەسەر ئازادی ڕادەبڕین هەڵوێستیان هەبووە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت لەڕێگەی یاساوە هاوڵاتییەکی ئاسایی لەسەر کۆمێنتێک ١٥ ساڵ زیندانی بکەن.