سەردێڕ:

ئەمریکا بەڵێنێک دەداتە لوبنان

فۆتۆ: 
2020-08-15

3877 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر لوبنان لەسەر چاکسازییەکانی بەردەوامبێت، ئەوا وڵاتەکەی لەسەر پاڵپشتی و کۆمەکە داراییەکانی بۆ لوبنان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆشەممە، دەیڤد هیڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ئەمریکا لەگەڵ چاکسازیدایە لە لوبنان و لە ئەگەری بەردەوامبوونی چاکسازییەکاندا لەو وڵاتە، ئەمریکا کۆمەکە داراییەکانی بەردەوامدەکات"، دەشڵێت، "حکومەتی ئەمریکا ئامادەیە لەگەڵ کۆنگرێسدا کار لەسەر پێدانی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تر بۆ لوبنان بکات، بۆ ئاسانکاری گەیاندنی خۆراک بە بەندەری بەیروت."

هاوکات، هێڵ پێداگری لەسەر گرنگی چەسپاندنی چاکسازییەکان لە بەیروت و هەنگاونان لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵیدا کرد و ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمە دەرگا بەڕوی ئازادکردنی ئەو کۆمەکییە دارایەی کۆنگرەی سیدر و هاوکاریکردنە لەگەڵ سندوقی نەختی نێودەوڵەتی دەکاتەوە، چونکە لوبنان پێویستی پێیەتی."

سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە هاوڵاتیانی لوبنان خۆپیشاندان لە دژی نەبوونی هەلی کار و بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەکەن، لە دوای رووداوی تەقینەوەکەی بەیروتیشەوە لە ٤ی ئەم مانگەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو هاوڵاتیان هاتنە سەرشەقام و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیان دەکرد و هۆکاری تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتیان بۆ کەمتەرخەمی بەرپرسان گەڕاندەوە، بەو هۆیەشەوە لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا لە ١٠ی ئەم مانگەدا حکومەتی بەیروت دەستی لەکارکێشایەوە.