سەردێڕ:

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: ٥٩ هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکاندا ماون

فۆتۆ: 
2020-08-15

1388 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٥٩ هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا ماون، کە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆکن.

جاسم عەتییە بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ٥٩ هەزار خێزانی ئاوارە لە سەرتاسەری وڵاتدا لە کەمپەکاندا ماون و گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بۆ ناوچەکانیان پەیوەستە بە دابینکردنی توانای داراییەوە."

باسی لەوەشكردووە، "٤٥٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکانی ژێر دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان."

دەشڵێت، "زۆرترین ژمارەی ئاوارەکان لە ئێستادا لە پارێزگای دهۆک و دواتر لە نەینەوا، ئەنبار، کەرکوک، سەڵاحەدین و چەند پارێزگایەکی دیکەی باشوری عێراقن."

بەهۆی روخان و خاپوربوونی خانووەکانیان لەکاتی شەڕی داعشدا، زۆرینەی ئەو خێزانانەی ئەو کاتە ئاوارە بوون ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و بەشێکی ئەو خێزانانەش هۆکاری نەگەڕانەوەیان بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەکی و ئاسایش و رەوشی ئەمنی دەگەڕێننەوە.

لە رابردوودا، بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە و دەوروبەری بەغدا و بەشێک لە پارێزگای بابل، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایانە ناوچەکانیان جێهێشت و ئاوارەبوون.

لە ١٠ی تەمموزی ٢٠١٧شدا، هێزە عێراقییەکان تەواوی پارێزگای نەینەوایان کۆنتڕۆڵکردەوە و لە کۆتایی هەمان ساڵدا کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی عێراق راگەیەنرا کە داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤ و رۆژانی دواتردا دەستی بەسەرداگرتبوو.