سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی دوایین زانیارییەکان لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئازارەوە ئاشكرادەکات

فۆتۆ: 
2020-08-15

181153 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، فشار لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە بۆ ئەوەی کورتهێنانی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "فشاری نێودەوڵەتی لەسەر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، کە کورتهێنانی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم پڕبکاتەوە و موچەی مانگی ئازار بدات."

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "ئەم پارەیە بەدەرە لە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا نییە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا موچەخۆرانی هەرێم لە مانگی هەشتدان، بەڵام تاوەکو ئێستا موچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە و موچەی مانگی شوباتیش بە لێبڕینی لە ٢١٪ەوە بەسەر موچەخۆراندا دابەشکرا.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نەدەدرا ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتبوو، لە ماوەکانی رابردووشدا چەند جارێک شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

ئومێد محەمەد، بەغدا