سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید لەبارەی خۆپیشاندانی سەرتاسەرییەوە داوایەک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات

فۆتۆ: 
2020-08-15

11157 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، "داوا لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی و هەموو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراو و دەستە و گروپ و کەسە ناڕازییەکان دەکەین، کۆبوونەوەیەکی گشتی بە مەبەستی دیاریکردنی رۆژێک بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندی گەورە و سەرتاسەری ئەنجامبدەین."

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی ئاڕاستەی هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی و هەموو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراو و دەستە و گروپ و کەسە ناڕازییەکان کردووە و تیایدا هاتووە، "داوا لەهەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و داواکردنی مافی هاوڵاتیان با بفەرموون دووسبەی ٢٠٢٠/٨/١٧ کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی گشتی هەموو ئەم هێز و لایەن و کەسایەتییانە ئەنجامبدەین، بە مەبەستی دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی خۆپیشاندانە گەورە و سەرتاسەرییەکەی چەند رۆژی داهاتوو."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داواکارین هەرکام لەو بەڕێزانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە و پێیانوابوو جاری پێشوو ئێمە تاکلایەنانە دەستپێشخەریمانکردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، ئەوە با ئەمجارە ئەو بەڕێزانە بفەرموون و ئەوان چی پێویستە بیکەن، ئێمەش لەگەڵیاندا دەبین و هەرچی هاوکارییەک پێویست بێت دەیخەینە خزمەتیان، تا سبەی رۆژ کە کاتی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دیاریکرا، هیچ بەڕێزێک گلەیی نەکات و بڵێت ئێمە ئاگادار نەبووین."

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکردووە، "بە تایبەت داوا لە بەڕێزان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیی و حیزبی شیوعیی و بزوتنەوەی ئیسلامی دەکەین، ئەوان با بفەرموون پێشڕەویی ئەم خۆپیشاندانە بکەن و ئێمەش ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵیان دەبین، چونکە پێمانوایە ئەم دۆخە قورسەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی تێدایە پێویستی بەکاری پێکەوەیی و تەبایی هەموو لایەنەکان و خەڵکە ناڕازییەکان هەیە."

دەشڵێت، "ئێستا کاتی ئەوەیە هەموومان بەرژەوەندی حیزبی وەلابنێین و دەستبخەینە دەستی یەک لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و دەربازکردنی هەرێمەکەمان لەم دۆخە قورسەی کە هاوڵاتییانی تێدایە."